قڕکردنی ئیکۆلۆژیک لە کوردستان

سووتاندنی دارستانەکان و بڕینی دارەکان لە کوردستان لە لایەن سەرباز، جەردەوان و هێزە ملیشیاکانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێن. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش کاتێک بابەتەکە پەیوەست بە کوردستان دەبێت، بەرامبەری بێدەنگ دەبن.

لەناوبردنی ئیکۆلۆژی وەک 'گۆڕانکاری نەرێنی، کە بەهۆی زیانگەیاندنی بەئەنقەست بە سروشت دروست دەبێت' پيناسە دەکرێت. یەکێک لە شێوازەکانی لەناوبردنی ئیکۆلۆژی، بڕینی دارەکانە. لە ناوچە دیاریکراوەکان دارەکان بە ئەنقەست و سیستماتیک دەبڕێنەوە. لە کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی ئیکۆلۆژیا لە لایەن دەوڵەتەوە لەناو دەبرێت. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لەوبارەیەوە کاردانەوە و هەڵوێستیان نییە و لێی بێدەنگن.

دارستانەکانی کوردستان ناسوتێن، دەسوتێنرێن

لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە داری تێدا نەمێنیت، بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکان بەردەدرێت. جیا لە ڕۆژئاوای تورکیا، لە کوردستان لەلایەن دەوڵەتەوە سیاسەتی بە ئەنقەست لەناوبردنی دار و دارستانەکان جێبەجێ دەکرێت. لە عەفرین دارە زەیتوونەکان لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەکەندرێن، لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لەلایەن جەردەوانەکانەوە دارەکان دەبڕێنەوە، لە جودی، دێرسیم، لجێ و بەدلیس، لە کاتە دیاریکراوەکانی ساڵدا 'ناوچەی قەدەغەکراوی سەربازی' ڕادەگەیەندرێن و پاشان لەو شوێنانەی کە وەک 'ناوچەی قەدەغەکراوی سەربازی' ڕاگەیەندراون، ئاگر لە دارستانەکان بەردەدرێن.

دەرسیم یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین ئاگر لە دارستانەکانی بەردەدرێت. لە ٢٨ی تەمووزی ٢٠١٥ەوە بەدواوەوە، بە بەردەوامی لە دەرسیم 'ناوچەی قەد‌ەغەکراوی سەربازی'، 'ناوچەی ئەمنی تایبەت' ڕادەگەیەندرێت. هەموو هاوینێک بە جۆرێک ئاگر لە دارستانەکان بەردەدرێت. لە دەرسیم/خۆزاد لە مانگی ئابی ٢٠٢١ ئاگرێک، کە بە هێرشی سەربازی دەستیپێکرد، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو. ئیدارەی پارێزگاش نە خۆی هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکەی دا و نە ڕێگەی بە خەڵکدا کە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بە پاساوی ئەوەی لە زەمینەوە هیچ رێگەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نییە. ئەو ئاگرەی کە بە هێرشی سەربازی لە ناوچەی خۆزاتی دەرسیم لە گوندەکانی تانزیگ، زۆخسار و گوندی کۆچەری دەستیپێکرد و گەیشتە گوندی ئوزونچەشمە، دەیان هێکتار دارستانی سووتاند. ئەو کەسانەی هەوڵیان دا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، لەلایەن سەربازانی تورکەوە ڕێگرییان لێکرا.

لە جودی سەربازەکان دانیان بەوەدانا کە بە ئەنقەست ئاگریان لە گۆڕەپانەکە بەرداوە

لە جودی، دوای ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکە، سەربازەکان گرتە ڤیدیۆییەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردەوە و دانیان بەوەدا نا، کە ئەوان ئاگریان لە گۆڕەپانەکە بەرداوە. لە گرتەکەدا کە ڕۆژی ٢٨ی تەمووز بڵاوکرایەوە، سەربازەکان دانیان بەوەدا ناوە کە لە جودی و بەستا ئاگریان لە دارستانەکە بەرداوە. کەسێک کە دەوترێت ئەفسەرە لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، "ئێمە ڕەگ و ڕیشەیان لەناو دەبەین" و دیمەنی ئاگرەکەشی بڵاوکردەوە.

پێشتریش لە ڕاپۆرتی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) و بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیادا ڕاگەیەندرابوو، ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکانی کوردستان بە ئەنقەست لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێت. ساڵی ٢٠١٦ لە ناوچەی لجێی ئامەد دوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، ئەنجومەنی ئیکۆلۆژی کەجەدە و بزوتنەوەی ئیکۆلۆژی مێزۆپۆتامیا ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٦ راپۆرتێکیان ئامادە کرد و سەرنجیان راکێشا بۆ سەر رووداوەکان لە گوندەکانی حسەینیک، گۆما ساروخان، گۆما سۆفی عەلی، جەنەزور، گۆما ریزا، مەهلە، کەربەس، نەنیاس، گۆما کازۆ، دەرخوست، هەنیات لە هەرێمی سیسێی لجێ. لە راپۆرتەکەدا بە گوێرەی وتەی شاتەتحاڵان کە دانیشتووی ئەو گوندانە بوون کە ئاگرکەوتنەوە تیایاندا روویدابوو، زۆرینەی ئاگرەکان لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هەلیکۆپتەرە سەربازییەکان کەوتوونەتەوە.

لەم دواییانەشدا دارستانەکانی نزیک گوندی کەروەسی لجێ سوتێنرابوون، سەربازان نەیانهێشت گوندنشینەکان ئاگرەکە بکوژێننەوە. لە هەرێمی کۆرتێ لە زەنگەسۆر کە گوندێکی دیکەی لجێیە ١ی ئابی ٢٠٢٣ ئاگر لە شوێنێک کەوتەوە کە قەرەقۆڵ و بنکەی سەربازی تێدایە. خەڵی ناوچەکە رایانگەیاند کە سەربازان رێگە نادەن ئاگرەکە بکوژێننەوە.

بە بیانووی 'رێگەی ئەمنی' داری سەدان ساڵەیان بڕیەوە

پەرلەمانتاری بەدلیسی پارتی چەپی سەوز سەمرا چاغلەر گۆکاڵپ دوای راگەیاندنی ناوچەی قەدەغە لە بەدلیس سەردانی ناوچەکەی کرد و پێشنیازە یاسایەکی ئامادە کرد. لە پێشنیازە یاساکەدا راگەیەندراوە کە لەو ناوچەیەی وەک 'ناوچەی ئاسایشی تایبەت' راگەیەندراوە، ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ روویانداوە، سەردانی جوتیاران بۆ کێڵگە و باخەکانیان قەدەغەکراوە، بە رووبەری چەندین کیلۆمەتر زیان بە جوتیاران گەیەندراوە، ژمارەیەکی زۆر داری میوەی سەدان ساڵە بە پاساوی دروسکردنی 'رێگەی ئەمنی' بڕاونەتەوە، هەروەها هەڕەشە و گوشار لەسەر گوندنشینەکان هەیە.

گەریلا دیمەنەکانی تۆمار کرد

سوتاندن و لەناوبردنی دارەکانی کوردستان تەنیا لە باکووری کوردستان نییە. سوپای تورکی داگیرکەر لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١ بەدواوە دەیەوێت هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاسین و مەتینای هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا داگیربکات. هێرشەکان کاریگەری قورسیان کردووەتە سەر دارستانەکانیش. بۆردومانی ئاسمانی، هێرش بە کاتیوشا، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەکەوە لە دژی گەریلایە، لەلایەکی دیکەوە بە ئامانجی بێ دارکردن و لە دار داماڵیی هەرێمەکەیە. لە ئاڤاشین سەربازان و جەردەوانەکان داریان دەبڕیەوە و دیمەنەکانیان بڵاوکرایەوە. هەروەها لە ئابی ٢٠٢١ لەو دیمەنانەی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە گۆڕەپانی دۆڵی مارای ئاڤاسین تۆماریان کرد، دەبینرا کە سەربازانی تورک لە ئاڤاشین دار دەبڕنەوە، ئاگریان تێبەدەدەن، تەقەمەنی دەخەنە ژێر ریشەی دارەکان و دەیانتەقێننەوە.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەرامبەر سووتاندنی دارستانەکان لە کوردستان بێدەنگن

سەبارەت بە سوتاندنی دارستانەکان، کە لە کوردستان لەسەر دەستی دەوڵەت بە ئەنقەست و بە شێوەی سیستماتیک ئەنجام دەدرێن، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆیان بێدەنگ کردووە. ئەو رێکخراوانەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چالاکن، گریین پەیس، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، دەبڵیو دەبڵیو ئێف، لە تورکیا رێکخراوەکانی وەک تەما، کۆمەڵەی پاراستنی سروشتی تورکیا، کۆمەڵەی سروشت، کۆمەڵەی ناساندن و پاراستنی بەها کولتوری و ژینگەییەکان، کۆمەڵەی پاراستنی ژیانی سروشتی بوونیان هەیە. ئەو رێکخراوانە کە بەرامبەر بڕینەوەی دار لە دارستانەکانی ئاکبەلەن وەستانەوە، کاتێک بابەتەکە دەبێتە کوردستان ئەوان بێدەنگ دەبن.

سەندیکای پارێزەرانی شڕنەخ سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکان لە شڕنەج سەردانی ئەو رێکخراوانەی کرد. گرووین پەیس وەڵامێکی نوسراوی ئاراستەی سەندیکاکە دایەوە و لەبارەی برینی دار لە شڕنەخ رایگەیاند، 'بەداخەوە بابەتەکە لە دەرەوەی پسپۆری ئێمەیە'. هەر ئەو گرین پەیسە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە برینی دارەکان لە ئاکبەلەن نیشاندا و ئەو ناڕەزایەتیەی خۆی بە وتنی 'برینی دار ستەمە' راگەیاند. بەڵام چاوی بەسەر ئاگرەکەی جودیدا نوقاند، کە لەلایەن سەربازانەوە لە ناوچەکە کەوتبووەوە.

هـ . ب