بەهۆی بومەلەرزەوە لانیکەم ١١٨ کەس لە چین گیانیان لەدەستدا

لە باکوری رۆژئاوای چین بومەلەرزە روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم ١١٨ کەس گیانیان لەدەستدا. هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووی خانووەکاندا ماون، بەردەوامە.

بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٢پلە بە پێوەری ریختەر ویلایەتی گانوسوی چینی هەژاند، کە هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای پەکینەوە دوورە. بە گوێرەی ئەو ئامارانەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە زاری کاربەدەستانی ویلایەتی گانسو بڵاوکرایەوە، لانیکەم ١٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی ٤٠٠ کەسیش برینداربوون.

بە گوێرەی کەناڵی سی سی تی ڤی حکومەت، لە شارۆچکەی هایدۆنگی ویلایەتی کینگهایش ١٣ کەس گیانیان لەدەستداو و ١٨٢ کەسیش برینداربوون و ٢٠ کەسیش بەسەروشوێنن. بومەلەرزەکە زیانی بە هەزاران ماڵ گەیاندووە و دانیشتوانی ئەو ناوچانە ناچاربوون، سەرباری سەرما لە کۆڵان و شەقامەکاندا بمێننەوە.

چین کەوتووەتە سەر هێڵی بومەلەرزە و لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەهۆی بومەلەرزەیەک لە ویلایەتی سیچوان زیاتر لە ٨٣ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە ٥ هەزار و ٣٣٥یان منداڵ بوون.

هـ . ب