"داواکاری ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆمەڵگا جیاوازەکانی کۆکردەوە"

ئەکادیمیست فلۆرنسیا گوارچە ڕایگەیاند کە هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆمەڵگا جیاوازەکانی لە دەور یەک کۆکردەوە و وتی: "ئۆجالان شێوازی تێکۆشانی هاوبەش لە بەرامبەر کێشەکانی ئێستا دەخوڵقێنێ".

هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد'، کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە ٧٤ ناوەندی جیاوازی جیهان دەستیپێکرد، بە پشتیوانی پێکهاتە جیاوازەکانەوە بەردەوامی هەیە. ئەکادیمیست فلۆرنسیا گوارچە لە زانکۆی فیدراڵی ڕیۆ گراند دو سۆلی بەرازیل کە لەسەر پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان کار دەکات لە بواری ئەکادیمیدا، سەبارەت بەو پرسە لەگەڵ ئاژانسی فورات قسەی کرد.

'بە هۆی بیرۆکەکانی ئۆجالانەوە من باشتر کۆمەڵگاکەم ناسی'

ئەکادیمیست فلۆرنسیا گوارچە باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠١٥ تێکۆشانی ئازادیی کوردی ناسیوە، پاشان بزووتنەوەی کورد و پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالانی زیاتر لە نزیکەوە ناسیوە. فلۆرنسیا گوارچە کە ئێستا لە زانکۆی فیدراڵی ڕیۆ گراند دو سۆلی بەرازیل لەسەر پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان کار دەکات، دەڵێت:"دوای ئەوەی بزووتنەوەی کوردم ناسی، پەیوەندیم لەگەڵ گەلەکەم زیاتر بەهێزتر بوو، لەڕاستیدا من بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجەلانم بۆ ئەوەی بتوانم لە نزیکەوە کۆمەڵگاکەم بناسم بەکار هێنا، هەوڵەکانم بۆ تێگەیشتن لە پارادایمی ئۆجالان و ناسینی کۆمەڵگاکەم، پێکەوە دروست بوون.

'ئۆجالان وەڵامێکی دروست بۆ پرسی ئێمە کێین دەداتەوە'

ئەکادیمیست گوارچە وتی:"ئۆجالان وەڵامێکی دروست بۆ پرسی'ئێمە کێین' دەداتەوە، پارادایمی ئۆجالان، وڵامی ئەوەی چۆن بتوانین نەتەوەیەکی دیموکراتیک بەبێ دەوڵەت بنیات بنێین دەداتەوە و ڕێکارەکانی پێشکەش دەکات. بۆیە گەڕان بەدوای وڵامی پرسی"ئێمە کێین" بۆ من زۆر گرنگ بوو، ئۆجالان یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی خۆمان بناسین، بەهاکانمان بزانین و وڵامێک بۆ پرسی"ئێمە کێین" بدۆزینەوە .ئێمە کۆمەڵگاکان لە نەتەوە جیاوازەکانی جیهان، دوای ئەوەی فێربووین ئێمە کێین، دەتوانین پەیوەندییەکی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی تێکەڵاو دروست بکەین، لە بەرامبەر ئەو سیستەمەی کە دەوڵەت لەسەر فەرق و جیاکاریی بنیاتی دەنێت، ئۆجالان دەرفەتمان پێدەدات بیر لە بێ دەوڵەتبوون بکەینەوە.

'ژنانی کورد هێز و ڕوومەتی شۆڕشن'

گوارچە ئاماژەی بەوەشکرد، تێکۆشانی ژنانی کورد ئەو تێکۆشانە بوو کە زۆرترین کاریگەری لەسەری دروستکرد و وتی:"تێکۆشانی ژنانی خۆسەری بزووتنەوەی کورد ئەمڕۆ لە هەموو بەشەکانی جیهان دانی پێدانراوە، تێکۆشانی سەربەخۆی ژنان لە ناو بزووتنەوەی کورددا دەبینرێت، لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر ئێمەی ژنان هەیە، بۆ من ژنی کورد ڕوومەتی ڕاستەقینە و هێزی ئەو شۆڕشەن، تێکۆشانی ژنانی کورد دەبێتە مایەی سوود بۆ هەموومان".

'ئۆجالان هیوایەکی گەورەیە بۆ ژنان'

ئەکادیمیست گوارچە ئەوەشی باسکرد کە ئۆجالان گرنگیی بە شۆڕشی ژنان داوە، ئەمە بۆتە هیوایەکی گەورەیە بۆ ژنانی جیهان و وتی: "ئۆجالان دەڵێت ژنان دەبێ پێشەنگی شۆڕش بن، ئەمە زۆر گرنگە، ئێمە بەباشی گرنگیی ئەم کارە ڕۆژانە دەبینین و تێدەگەین. ئۆجالان گرنگی بە شۆڕشی ژنان دەبەخشێت، ئەمە هیوایەکی گەورەیە بۆ ئێمەی ژنان".

'هەڵمەتی ئازادی ئوجالان زۆر گرنگە'

گوارچە سەرنجی بۆ هەڵمەتی ئازادی ڕاکێشا کە لە 10ی تشرینی یەکەم بۆ ئازادی ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد دەستی پێکرد و وتی: "ئۆجالان لە چارەسەری پرسی کورددا ئەکتەرێکی سەرەکییە، لەپێناو چارەسەری، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەم ئاکتەرە بوونی هەبێت، ئەم دیالۆگە و موخاتەبەکەی تەنیا ئۆجالانە، بۆیە ئەگەر بیانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت، نابێت گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان بەردەوام بێت، بە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان دەیانەوێت ڕێگری لە دیالۆگ بگرن، بۆیە هەڵمەتی ئازادی ئۆجالان زۆر گرنگە، ئەمە هەڵمەتێکی بەرفراوانە و گرنگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتگیری ئەم داواکارییە بۆ ئازادی ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد  بکرێت".

'داواکاری ئازادی ئۆجالان، کۆمەڵگە جیاوازەکانی لەدەور یەک کۆکردەوە'

لە درێژەی قسەکانیدا گوارچە ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە گەلان دەرفەتی ئەوەیان بۆ هاتووتە پێش کە پارادایمی ئۆجالان زیاتر لە نزیکەوە بناسن و وتی :"هەڵمەتەکە دەرفەتمان پێدەدات کە ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک بناسین. دەبێت دیالۆگ بۆ چارەسەری پرسی کورد دەست پێ بکاتەوە، بۆیە ئازادی ئۆجالان جەوهەرییە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پارادایمی ئۆجالان لە چوارچێوەی پاڵپشتیدا بڵاوبکاتەوە. لە سایەی پارادایمی ئۆجالاندا، ئەمڕۆ دەتوانین باسی زۆر پرس بکەین. گرنگە هەموو کۆمەڵگاش بگرێتەوە، دەکرێت پارادایمی ئۆجالان وەک میتۆدێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاربهێنرێت. هەروەها هەڵمەتی ئازادی ئۆجالان نیشانی داین کە چۆن کۆمەڵگا جیاوازەکان دەتوانن بۆ خواستێکی هاوبەش لە دەور یەک کۆببنەوە، لێرەدا گرنگی تێکۆشانێکی نێونەتەوەیی خۆی نیشاندا. بۆ نمونە ئەمەریکای لاتین لەوانەیە دوور لە تێکۆشانی کورد ببینرێت، بەڵام کاتێک گەل باس لە ڕەوشەکە دەکەن، دەبینن کە پەیوەندییەکی هاوبەشیان هەیە، ئەوە دەوڵەتانن شوناسی کۆمەڵگایی بوونمان جیا دەکەنەوە، دەبێت دژی ئەمە گەلان لەدەور یەک کۆببنەوە و پێکەوە تێکۆشان بکەن".