هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە پەیامێکی بۆ ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل نارد، پەیامەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:
"گەلی وڵاتپارێز و شکۆمەند ئامادەبووانی نەورۆزی قەندیلی قەڵای ئازادیی و خۆڕاگریی
گەلی هێژای قەندیل و هەموو ئەوانەی دڵتان بۆ ئازادیی لێدەدات و بەشداری نەورۆزی قەندیل بوون، بەخێربێن بۆ واری شۆڕش و ژیار، بەخێربێن بۆسەر زەمینی دڵڕفێن و ئەفسوناوی قەندیلی سەرکەش و وارگەی ئۆجاخی هۆرییەکان.
ئێمە لێرەوە لە عەرد نیگاری و ناوەندی جیۆکەلتووری مەدیاوە، بە گەرمای ئاگری نەورۆز و حەسرەتی ئازادییەوە، بەڕێزەوە سڵاوتان لێدەکەین و دەڵێین نەورۆزی ژیانەوە و سەرەتای ساڵی نوێی کوردیتان پیرۆز بێت.
ئەو نەورۆزەی کە گەلی کورد پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە جەژنێکی هەرە کۆنی دیرۆکی مرۆڤایەتییە، نەورۆز بووتە سیمبولی بەرخۆدان لە بەرامبەر ستەمکاری (زووحاک)ـدا، ئەم جەژنە بە هەزاران ساڵە لەلایەن گەلانی میزۆپۆتامیا، ئێران، ئەنادۆڵ، قەوقاس و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین پیرۆز دەکرێت.
ئێمە دووبارە لە بەردەم ئێوە نەورۆز لە گەل، ژن و گەلانی میزۆپۆتامیا، بە تایبەت گەلانی کوردستان، ئێران، ئەنادۆڵ، قەوقاسیا و هەر کەسێک کە لە قوڵایی دەروونییەوە هەست بەجۆشی نەورۆز دەکات پیرۆز دەکەین.
بێگومان گەلی کوردستان ئافرێنەری نەورۆزە، بۆیە بەشێوەیەکی سرووشتی لە ناخی دڵەوە بە گەرمایی نەورۆز ژیان دەکات، زاڵم و ستەمکارەکان بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە گەلی کورد لەناوبەرن، لە بەرامبەردا گەلی کوردستان بە ڕۆحی نەورۆز بەرخۆدانی کردووە و پارێزگاری لە بوونی خۆی کردووە، بۆیە نەورۆز بۆ گەلی کوردستان بووتە سیمبوولی یەکێتی و یەکبوون و ئازادیی، گەلی کورد بە نەورۆز خۆی ئافراندووە و خۆی ئازاد کردووە، لەبەر ئەم حەقیقەتەیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت (گەلی کورد گەلێکی نەورۆزییە، تاکو نەورۆز هەبێت ئەم گەلە کۆتایی پێنایەت) ئەم ڕاستییە لەناو مێژوودا بەڕوونی خۆی ئاشکرا کردووە.
ئێمە بەم هەست و جۆشەوە جارێکی تر لە بەرامبەر شەهامەت و گەورەیی ئێوەدا نەورۆزی گەلی بەرخۆدێر و تەواوی ئەو کەسایەتی و ساتە مێژووییانەی کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی نەورۆز بە زیندووی بمێنێتەوە و تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بەردەوام بێت پیرۆز دەکەین.
گەلی وڵاتپارێز و کۆڵنەدەر ڕێبەر ئاپۆ بناغەی پەکەکەی لە ڕۆژی نەورۆزدا بونیادنا، کاوەی سەردەم لە ڕۆژی نەورۆزدا بە بانگەوازە مێژووییەکەی "بەرخۆدان ژیانە" هاواری ئازادیی گەلێکی بن دەستی گەیاندە ژێر عەرش لە بەرامبەر زووحاکەکان و ئەوانەی دەیان خواست کورد لەناوبەرن، بە پڕشنگ و تروسکایی ئەو ئاگرەی کە بە جەستەی خۆی مەشخەڵیدا ئەو تاریکییەی ڕەواندەوە کە باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشا و بەم شێوەیە جارێکی تر نەورۆزی خستەوە سەر جەوهەر و ڕێڕەوی مێژوویی خۆی، بۆیە مەزڵوم دۆغان بوو بە کاوەی هاوچەرخ لە مێژووی کوردستاندا.
ئەو تروسکاییەی ٤٣ ساڵ پێش ئێستا لە لایەن کاوەی سەردەم "مەزڵووم دۆغان"ـەوە داگیرسا، ئەمڕۆ لە دڵ و ڕۆحی ملیۆنان کەسدا گەش و بڵێسەدارتر بووە و ڕێگا و ئاسۆی ئێمەی ڕۆشنتر کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئێمە ئەو ڕۆژە واتادار و پڕشنگدارە پیرۆز دەکەین، پێویستە ئەو شەهیدانەی کە جەستەی خۆیان و ئاگری نەورۆزیان کرد بەیەک و ئەم ئاگرەیان بەگڕدانی جەستەی خۆیان مەزنتر و بڵێسەدارتر کرد و بوون بە ڕێزانی ڕێگای نەورۆز و تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆمان نەورۆزیان زیندوو هێشتەوە لە بیریان نەکەین و بەم هەستانە مەزڵووم دۆغان و هەموو شوێنهەڵگرانی، زەکیە، ڕەوشەن، ڕوناهی، بێریڤان و هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراتییەت بەبیر بهێنینەوە و بە زیندووی لەناخی خۆماندا هەڵیان گرین و منتباری خۆمانیان بۆ دووپات بکەینەوە، ئەم تێکۆشانەی پەکەکە کە بە ڕۆحی نەورۆز دەستیپێکردووە، ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی بونیادنانی یەکێتی گەلی کورد، لەم پانتایی و بوارەدا پێگە و بەشداری گەلی باشووریش ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، ئەو کەسایەتییانەی کە لە هەناوی کۆمەڵگەی باشوور دەرچوون، وەکو دکتۆر سیروان، دیار غەریب، ڤیان سۆران، مامۆستا شەماڵ، ڕەئوف ئاکرەیی، علی شەعبان ئامێدی، سادق عمر، هەروەها بە هەزاران شەهیدی قارەمان بوونە کۆڵەگەی سەرەکی ئازادیی کوردستان و یەکێتی نەتەوەیی، بۆیە دەبێت ئێمە بە خەون و خەیاڵی ئەوان بژین و بەردەوامی بەم شێوازە لە ژیان بدەین.
گەلی وڵاتپارێز ئەمساڵ بانگی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆ واتایەکی نوێی بە نەورۆز بەخشی، ئێمە دەبینین گەلی کوردستان بەو جۆش و مۆڕاڵەی لە پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆی وەرگرتووە، مەیدان و گۆڕەپانەکانی نەورۆزی پڕ کردووە و نەورۆز بە هەیبەتێکی مەزن پیرۆز دەکات، بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی سەدایەکی مێژووییە، مانیفستۆی ئازادیی سەردەمە.
ڕێبەر ئاپۆ بەم بانگەوازییەی کە لە گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی کرد، ئاسۆیەکی نوێی کردەوە، ئەگەر گەلان و ژنان دەخوازن بگەن بە ژیانێکی ئازاد، بێگومان لەسەر بنەمای ئەو میتۆد و ئاسۆیە پێک دێت کە ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەی لەبەردەم کردووەتەوە، تاکە ڕێگای دەرچوون لە شەڕ و زەخت و تاڵان و گێژاوی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری، کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
ئێمە لە بەردەم ئێوەدا خۆشەویستی و ڕێز و سۆزداری خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرین، ڕێبەر ئاپۆ ٥٠ ساڵ زیاترە پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئێمە دەکات، لە کۆتایشدا لە ڕێگەی پەیامی سەدەوە ئاسۆ و گۆشەیەکی نوێی بۆ ئێمە کردەوە، ئێمە نەورۆزی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین، ئیدی گەلی کورد چیتر ناتوانێت چاوەڕوانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکات، بۆیە پێویستە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی کۆتایی پێ بێت و ئیمرالی نەمێنێت و ڕێبەر ئاپۆ بەزووترین کات ئازاد بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە ئاستی تێکۆشان بەرزتر بکەین و لە هەموو کاتێک زیاتر ئەم داواکارییە زوڵاڵتر بێنینە سەر زمان، هاوکات ساڵی ٢٠٢٥ بکەینە ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەو بنەمایە بەهەست و باوەڕی ئازادیی، ئێوە بە ڕێزدارییەوە سڵاو دەکەین و نەورۆزی ئێوە پیرۆز دەکەین.
نەورۆز پیرۆز بێت
بژی نەورۆز".