لە کەناراوەکانی لیبیا زیاتر لە ٦٠ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

رێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچ(IMO) بڵاویکردەوە کە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی لیبیا ژێر ئاو کەوتووە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ کۆچبەر بێسەروشوێنن و نیگەرانن لەوەی هەموویان گیانیان لەدەست دابێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی لیبیای ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچ، بەلەمەکە پاش ئەوەی لە زووارە لە باکوری ڕۆژئاوای لیبیا دوور کەوتووەتەوە، بەهۆی شەپۆلە بەرزەکانی دەریاوە، نوقمی ژێر ئاو بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەدەکرێت کە بەگوێرەی ئەو کەسانەی ڕزگاریان بووە، نزیکەی ٨٦ کەس لەناو بەلەمەکەدا بوون.

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچ ڕایگەیاندووە، زۆرینەی کۆچبەرەکان منداڵ و ژنن لە نیجریا، گامیبیا و وڵاتانی دیکەی ئەفریقاوە هاتوون. ڕاگەیەندراوە کە ٢٥ کەس ڕزگار کراون و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی لیبیا.

لیبیا و تونس دوو ڕێگای سەرەکی مەترسیدارن بۆ کۆچ بەرەو ئەوروپا لە ڕێگەی ئیتاڵیا.

وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ فالڤیۆ دی گیاجۆمۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، کە لەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار و ٢٥٠ کەس لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە.

دی گیاجۆمۆ وتی:"ژمارەیەکی دراماتیکییە کە بەداخەوە دەریدەخات کە هەوڵی پێویست نەدراوە بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریادا".