لە ناوچە داگیرکراوەکان ئاڵای دەوڵەتی داگیرکەری تورک داگیرا

ناڕەزایەتی لە شارە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەڵگیرساوە و هاوڵاتیان ئاڵای دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان لەسەر چەند دامەزراوەیەک داگرت.

دژی هەبوونی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمەکە، هەروەها دژی هێرشە نەژادپەرستیییەکان بەرامبەر هاوڵاتیانی سووری لە شاری قەیسەری تورکیا و دژی لێک نزیکبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارەکانی باب و ڕاعی و ئەعزاز و عەفرین دەستی پێ کرد.

بەپێی سەرچاوەکان و بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، هاوڵاتیانی ناڕازی ڕێگەی سەرەکییان لە شاری باب بەڕووی بارهەڵگرە تورکییەکان داخستووە و هێرشیان کردۆتە سەر بارهەڵگرەکان.

هەروەها لە شاری ئەعزاز ئاڵای تورک لەسەر بینای ناسنامە و ناوەندی پۆستەخانەی تورک داگیرا و کارمەندەکان دەرکراون.

هەروەها لە شاری عەفرین خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورک، چەتەکان دەستڕێژی گولـلەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.