" لە پشت بەرخۆدانی شکۆداری کوردەوە تەنها یەک ناو هەیە؛ ئەویش عەبدوڵا ئۆجالانە!'

نووسەری ئیتاڵی لۆرا شرادر ئاماژەی بەوەدا کە لە پشت ئەو بەرخۆدان و خۆڕاگرییە شکۆمەندەی کوردەوە تەنیا یەک ناو هەیە، ئەویش ئۆجالان و بیرۆکەکانیەتی.

خەباتی ئازادی گەلی کورد کە ٤٥ ساڵە بە پێشەنگایەتی پەکەکە و ڕێبەرەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، بووەتە بابەتی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا. ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئیتاڵی لۆرا شرادر، کە لە ساڵی ١٩٧٥ـــەوە کار لەسەر گەلی کورد و تێکۆشانیان بۆ ئازادی دەکات، سێهەمین کتێبی خۆی بە ناوی "بەرخۆدان (بەرخۆدانی گەلی کورد لە دژی جینۆسایدی ئەردۆغان) کە دوای کتێبەکانی (ئاگری کوردستان) و (ڕاستی و شارستانیەت) بڵاوی کردۆتەوە.

کتێبەکەی لۆرا شرادر کە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی پۆنتۆ ڕۆسۆوە چاپکراوە کە کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە زمانی ئیتاڵی بڵاودەکاتەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو بەرخۆدانانەی کە لەسەر بنەمای هزر و فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرامبەر شەڕی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدراوە.

ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئیتاڵی، لۆرا شرادر، سەبارەت بە نوێترین کتێبی خۆی و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئازادی، قسەی بۆ ئاژانسی فورات کرد.

نووسەری ئیتاڵی شرادر کە لە ساڵی ١٩٧٥ـــــەوە خەریکی لێکۆڵینەوە و کار لەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کوردە، ئەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە بووە هۆی ئەوەی کار لەسەر کورد بکات، دەڵێت:"ئەوەی لە دژی ئەوان دەکرێت لەپێش چاوی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکرێت، زۆر تووشی سەرسوڕمان بووم بەوەی دیموکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەو شێوە دەبنە شەریکی تاوان لە دژی گەلی کورد".

شرادر عەبدوڵا ئۆجالانی وەک ڕێبەرێکی بیرمەند لەسەر ئاستی نیلسۆن ماندێلا و لوسەر کینگ و غاندی پێناسە کرد و وتی:"گۆشەگیری سەپێنراو بەسەر ڕێبەر ئۆجالان تاوانێکی نێودەوڵەتییە، پارادایمەکانی ئۆجالان ڕێبازێکن بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤایەتی لەگەڵ یەک بژین و دەتوانێت ئەو شەڕەی کە جیهانی دەورە داوە، چارەسەر بکات. دەمەوێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بزانێت کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کە هەموو ژنانی جیهان لەخۆدەگرێت، بناغەی خۆی لە شۆڕشی ژنانەوە وەردەگرێت، کە لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە لەلایەن ئۆجەلانەوە نەخشەی بۆداڕێژراوە. ئەم شۆڕشەی ژنان شۆڕشێکە نەک تەنها لە ئیسلامدا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا کۆتایی بە کولتوری ژێردەستە بوون دەهێنێت. فەلسەفەیەکە لە هەموو جیهاندا بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و ژیانێکی نوێ دەخوڵقێنێت.

گۆشەگیری تاوانێکی نێونەتەوەییە

هەروەها ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئیتاڵی لۆرا شرادر ڕایدەگەیەنێ کە دەیەوێت لە کتێبەکانیدا قسە بۆ هەمووان بکات و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی:"شێوازێکم بەناوی 'ئیمپڕشیونیست' هەڵبژارد، دەوترێت کە 'کاریگەرە'، داستانەکە بەتایبەتی تیشک دەخاتە سەر ڕووداوە گەورە و کارەساتبارەکانی وەک لەناوبردنی سوری ئامەد، داگیرکردنی عەفرین، لەناوبردنی جزیر و وێنەی هەندێک کەسایەتی وەک ساکینە جانسز، فیدان دۆغان، سەلاحەدین دەمیرتاش، هەڤرین خەلەف و ئەردۆغان خۆی. لەپشت ئەو خۆڕاگرییە گەورەی گەلی کوردەوە ، تەوەرێکی هاوبەش، هەبوونێکی نەگۆڕاو هەیە، کەسایەتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و هزرەکەی هەیە. گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان بەڕاستی تاوانێکی نێونەتەوەییە".