ئاماری ١٤ ڕۆژی غەززە: لانی کەم ٤ هەزار و ١٣٧ مردوون

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی حەماس ڕایگەیاند، لە ٧ ی تشرینی یەکەمەوە لانی کەم ٤ هەزار و ١٣٧ فەڵەستینی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، لانی کەم ٤ هەزار و ١٣٧ فەڵەستینی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ١٣ هەزار و ١٦٢ کەس برینداربوون. حەماس ڕایگەیاند کە لە نێو کوژراوەکاندا ١٦ کەس لە کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی عەزیز پۆرفیری لە شاری غەززە کوژراون.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، لە هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی پێنجشەممەدا، خاڵێک لە نزیک کەنیسەکە کراوەتە ئامانج کە زۆرێک لە دانیشتوانی غەززە پەرستشی تێدا دەکەن. لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا زیانێکی زۆر بەر کەنیسەکە کەوتووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ١٤ ڕۆژدا لە غەززە، ٤٦ کارمەندی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە و ٨٥ کەسیش برینداربوون.

لە لایەکی دیکەوە فەڵەستینییەکان لە غەززە هێشتا چاوەڕێی یارمەتییە مرۆییەکانن بۆ ئەوەی لە میسرەوە لە ڕێگەی دەروازەی سنووری ڕەفاوە بگاتە غەززە.

لە بەرەی ئیسرائیلەوە زیاتر لە ١٤٠٠ کەس مردوون، کە زۆربەیان سڤیل بوون. ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەرمی ١٥٠٠ چەکداری حەماسیان لەلایە کە ٧ ی تشرینی یەکەم چوونە نێو خاکی ئیسرائیلەوە.