بەهۆی کۆرۆناوە جەڵتەى دڵ دوو هێندە زیادیکردووە

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک جگە لە گیان لەدەستدانى راستەوخۆ بەهۆی کۆرۆناوە، بەهۆی ئەو ژینگەیەی پەتاکە دروستیکردووە و بەهۆی رێکارەکان و سنووردارکردنەکانەوە، گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانى ترەوە زۆر زیادیکردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە فەرەنسا ئەنجامدراوە، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و بەهۆی سنووردارکردنەکان و مانەوە لە ماڵ و نەچوونەدەرەوە، گیان لە دەستدان بەهۆی جەڵتەى دڵەوە ٢ هێندە زیادیکردووە.

ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە لە رۆژنامەى زی لانسێت پاپلیک هێڵس دا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتووە، لە پاریس و دەورووبەریدا لێکۆڵینەوە لەسەر ٦.٨ ملیۆن کەس کراوە. لە ئەنجامدا رووداوەکانى وەستانی دڵ ئەمساڵ لە ١٧ی ئادارەوە بۆ ٢٦ی نیسان، واتە لە کاتی رێکارەکان و مانەوە لە ماڵەوە و نەچوونەدەرەوەدا زۆر زیادیانکردووە.

رووداوەکانى راوەستاندنی دڵ، لە ماوەى ٩ ساڵی رابردوودا، واتە لە ٢٠١٢ تاوەکو کۆتایی ٢٠١٩ بە رێژەى ١٣.٤ بووە لە یەک ملیۆن کەسدا، بەڵام لە ٦ هەفتەى ماوەی قەرەنتینەدا و نەچوونە دەرەوە لە ماڵەوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، رێژەى راوەستانی دڵ بەرزبووەتەوە بۆ ٢٦.٦ لە یەک ملیۆن کەس دا. هەر لەو ماوەیەدا تەنها بەهۆی راوەستاندنی دڵەوە ٥٢١ کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام لە تەواوی ساڵەکانى تردا ٢٦٠ کەس بەهۆی راوەستاندنی دڵەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

ژ.ت