سەدان کۆمیتە و لقی خاچی سوور و مانگی سوور لە سەرتاسەری جیهان و هەروەها ئەو رێکخراوانەى کە دەیان ملیۆن کەس بە شێوەى خۆبەخشانە کاریان تیادا دەکەن، راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە قەیرانێکى گەورە دروستبووە. بۆیە پێویستە هاوکاریی مرۆیی زۆرتر و خێراتر بەو کەسانە بگات، کە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە زیانیان بەرکەوتووە و تەنگاو بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ گەیاندنی هاوکاریی خێرا پێویستیان بە پشتیوانیی خێرای مرۆڤەکانى تر هەیە و پێویستە بە لانیکەمەوە ٣ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری کۆبکرێتەوە و لە رێگەى کۆمیتە و لقەکان و فیدراسیۆنەکانی رێکخراوەکانى بواری هاوکاریی مرۆیی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا دابەش بکرێن.
رێکخراوی خاچی سووری نێونەتەوەیی دەیەوێت لەو هەڵمەتەدا یەک ملیار و ٩٥٠ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە و فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانى مانگی سوریش دەیانەوێت یەک ملیار و ٢٤٠ ملیۆن دۆلار لەو هەڵمەتەدا کۆبکەنەوە.
خاچی سووری نێونەتەوەیی (ICRC)، خاچی سووری نێونەتەوەیی و فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانى مانگی سوور (IFRC) و رێکخراوەکانى سەر بە خاچی سوور و مانگی سوور لە ١٩٢ وڵاتدا لق و نوێنەرایەتییان هەیە.
ژ.ت