زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە رێگەى ئینتەرنێتەوە سەردانی مۆزەخانەى لۆڤەریان کردووە

یەکێک لە مۆزەخانە ناودارەکانى جیهان مۆزەخانەى لۆڤەرە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ماوەى ٣ مانگە داخراوە، بەڵام لە رێگەى ئینتەرنێتەوە میلۆنەها کەس سەردانی لۆڤەریان کردووە.

فەرەنساش وەک وڵاتانی تری ئەوروپای رۆژئاوا پەتای کۆرۆنا تیایدا بڵاوبوویەوە. مۆزخانەى لۆڤەر لە پاریس کە ناوبانگێکى نێونەتەوەیی هەیە، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە داخرا، بەڵام لە مانگی ئادارەوە تاوەکوە ئێستا لە رێگەى ئینتەرنێتەوە رێگا بە خەڵک دەدرێت سەردانی مۆزەخانەکە بکەن.

نەک تەنها لە فەرەنساوە، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهانەوە ملیۆنەها کەس لە رێگەى ئینتەرنێتەوە سەردانی مۆزەخانەى بە ناوبانگی لۆڤەریان کردووە. بەرپرسانی مۆزەخانەکە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP)یان راگەیاندووە، لە ١٢ی ئادار تاوەکو ٢٢ی ئایار ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە رێگەى ئینتەرنێتەوە سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە و سەیری شوێنەوارە دێرینەکانى ناو مۆزەخانەکەیان کردووە.

بەرپرسانی مۆزەخانەکە راشیگەیاندووە، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە خزمەتگوازرییەکانیان لە ئینتەرنێت زیاتر کردووە و سەدا ٩٠ی ئەو کەسانەى سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە لە دەرەوەى فەرەنسا بوون. سەدا ١٧ی ئەو کەسانەى لە رێگەى ئینتەرنێتەوە سەیری شوێنەوارەکانى مۆزەخانەى لۆڤەریان کردووەو خەڵکی ئەمریکا بوون و بەوەش زۆرترین سەردانکارانی مۆزەخانەکە لە ئەمریکاوە بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ناو مۆزەخانەکەدا ئەو شوێنەى زۆرترین سەرنجی سەردانکارانى راکێشاوە و سەردانیان کردووە، ئەو شوێنەیە کە وێنەکەى مۆنا لیزای تیایدایە و سەیری وێنەکەیان کردووە.

مۆزەخانەى لۆڤەر لە ساڵی ١٧٩٣ەوە لە کۆشکی لۆڤەر لە پاریس لەسەر رووبەری ٧٢ هەزار مەتر چوارگۆشەدا دروستکراوە و بە گشتی ٣٥ هەزار بەرهەم و شوێنەواری تیایدا نمایش کراوە.

ژ.ت