فەرەنسا: بەرپرسی باکوری ئەفریقای قاعیدە لە مالی کوژرا

وەزیری هێزە چەکدارەکانى فەرەنسا رایگەیاند، لە هێرشێکدا بەرپرسی گروپی قاعیدە لە باکووری ئەفریقا کوژرا.

فلۆرانس پارلی وەزیری هێزە چەکدارەکانى فەرەنسا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانیاندا لە باکووری وڵاتی مالی عەبدولمالیک درودکال بەرپرسی باڵی قاعیدە لە باکووری ئەفریقا کوژراوە.

پارلی لە تویتەرەکەیدا بڵاویکردەوە، فەرەنسا ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بە یارمەتیی "هاوکارە خۆجێیەکانی" ئەو ئۆپراسیۆنەى لە باکووری رۆژئاواى شاری تەسالیت ئەنجامداوە و لە ئۆپراسیۆنەکەدا چەندین کەسی تری قاعیدە کە لەگەڵ درودکال دا بوون کوژراون.

عەبدولمالیک درودکال چەندین ساڵە باکووری رۆژئاواى کیشوەری ئەفریقا سەرپەرشتیی گروپە جیهادییەکان دەکات و دوایین کاریشی لە ساڵی ٢٠٠٧دا دامەزراندنی باڵی قاعیدە بووە لە باکووری ئەفریقادا.

باڵی قاعیدە لە باکووری ئەفریقا بە زۆری مالی، جەزایر، هەرێمی فاس لە مەغریب و مۆریتانیا چەندین کردەی خۆکوژی و تەقاندنەوەیان ئەنجامداوە و هەندێک شوێنیشیان لە باکووری مالی بۆ ماوەیەک خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.

ژ.ت