لە ئیسیوبیا ٤ ملیار نەمام بۆ بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵی نێژران

لە ئیسیوبیا بۆ بەرەنگاربوونەوەى وەشکەساڵی و بەبیابانبوون ملیارەها نەمام نێژراون و بڕیاریشە ملیارەها نەمانی تریش بچێندرێن. چالاکوانانیش داوا دەکەن جگە لە ناشتنی دار، دەبێت گەل هۆشیار بکرێتەوە و پرۆژەکەش بە هاوکاریی خەڵک مسۆگەر دەبێت.

بە پێشەنگایەتیی ئابی ئەحمەد سەرۆک وەزیرانی ئیسیوبیا و بۆ بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵی و بەبیابانبوون ٤ ملیار دار و نەمام نێژراون. ساڵی پار و لە مانگی حوزەیراندا و تەنها لە یەک رۆژدا لە ئیسیوبیا ٢٠٠ ملیۆن نەمام نێژرا و لە مانگی تەممووزی رابردووشدا ٣٥٤ ملیۆن نەمام لە یەک رۆژدا نێژراوە. بەوەش ژمارەی پێوانەیی ناشتنی نەمامیان لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ خۆیان تۆمارکردووە.

 لە چوارچێوەى ئەو هەڵمەتەدا لە نێوان مانگەکانى حوزەیران و ئەیلولی ٢٠١٩دا ٤ ملیار نەمام لە ئیسیوبیا نێژراون. بە وتەى ئابی ئەحمەد سەرۆک وەزیرانی ئیسیوبیا، کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی ٢٠١٩یە، لەمساڵیشدا و لە وەرزی باراندا ٥ ملیار نەمانی تر دەنێژرێن.

دۆخی دواى ساڵێک لە ناشتنى ٤ ملیار نەمامەکە

ئیسیوبیا بەهۆی وشکەساڵیی و گرانییە گەورەکەى ساڵی ١٩٩٠ەوە زیانی زۆری بەرکەوتبوو، بۆیە ئێستا دەیانەوێت بە پرۆژەى ناشتنی نەمام هەم وڵاتەکەیان و هەم کشتوکاڵ و هەم بۆ رێزگرتن لە سروشت ببنەوە بە خاوەنی ئابوورییەکى بەهێز و شکۆمەندانە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەى کەرتی گەشتیاریش لە ئیسیوبیا ببوژێتەوە.

لەبارەى سەرکەوتنى پرۆژەکەوە تاوەکو ئیستاش مشتومڕ لەو وڵاتەدا بەردەوامە و نیگەرانیی ئەوە لەو وڵاتەدا هەیە، کە بەهۆی هۆشیارنەکردنەوەى گەل لە ئاستی پیویستدا پرۆژەکە تووشی گرفت ببێت.

پشتگیری لە پرۆژەکە دەکرێت

بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان یەک لەسەر سێی ئەو نەمامانە، کە ساڵی پار نێژرابوون بەهۆی کەمی باران بارینەوە سەوز نەبوون. دەشوترێت بەشێکى تر لە نەمامەکان بەهۆی لاوازیی خاک و کەمیی بە پیتبوونی خاکەکەوە نەیانتوانیوە رەگ بە ناو خاکەکەدا دابکوتن و دووبارە رۆح بە بەر خاکەکەدا بکەنەوە.

بەڵام بەپێچەوانەى ئەو قسە و زانیارییانەى سەرەو ئابی ئەحمەد سەرۆک وەزیرانی ئیسیوبیا رایگەیاندووە، سەدا ٨٤ی ئەو دارانەى ساڵی پار ناشتویانن، سەوز بوون و رۆحیان کردووەتەوە بەبەر زەویدا.

نگیاش تیکلو چالاکوانی ژینگەپارێز رایگەیاند، پشتگیری لە پرۆژەى ناشتنی نەمامەکان دەکەن، گەرچی حکومەت ژمارەى بەلاوە زۆر گرنگە، بەڵام لە راستیدا بە ژمارە نزیکبوونەوە لە بابەتەکە هەڵەیە.

نیگاش تیکلو راشیگەیاند، پێداگریکردن لەسەر ژمارە لەلایەن بەڕێوەبەرانی پرۆژەکەوە کارێکى دروست نییە و ئەوەشی سەرۆک وەزیران دەڵێت، سەدا ٨٤ دارەکان شین بوون، لەلایەن رێکخراوی سەربەخۆ و بێلایەنەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە روونە، کە بەشێکى باشی دارەکان سەوز بوون.

پێویستی بە هاوکاریکردنی گەل هەیە

بابەتێکى تری جێگای نیگەرانی بۆ ئەو پرۆژەیە ئەوەیە، کە بە بەهێزی داواى پشتیوانیی هەمەلایەنە لە گەل ناکرێت.

بیلاینیش زیودیی پسپۆڕ لە سندوقی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەبەر ئەوەى وەک پێویست داواى هاوکاری لە گەل ناکرێت، ناتوانین بڵێن پرۆژەى ناشتنی دارەکان بە تەواوی سەرکەوتو دەبێت، چونکە گرنگە گەل هۆشیار بکرێتەوە و بەشداریی بەرفراوانی لە پرۆژەکەدا پێ بکرێت.

لە کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠دا بەڕێوەبەریی کۆمۆنیست لەو وڵاتی ئیسیوبیا لە ناوچەى ئامهارا لە باکووری ئەو وڵاتە ملیۆنێک نەمانی ناشتبوو، بەڵام دواى ئەوەى کۆمۆنیستەکان لە دەسەڵاتدا نەمان، گەلی ناوچەکە نەمامەکانیان هەڵکەند و زەوییەکان بۆ کاری کشتوکاڵ بەکارهێنا.

ژ.ت