لە هێرشی چەتەکاندا لە نایجیریا ٧٠ کەس کوژران

گروپە چەتەکان لە ویلایەتی سۆکۆتۆی نایجیریا هێرشیان کردە سەر ٥ گوند و بە لانیکەمەوە ٧٠ کەسیان لەو ٥ گوندەدا کۆمەڵکوژکرد.

ئامینۆ تامبوال پارێزگاری ویلایەتی سۆکۆتۆ لە نایجیریا رایگەیاند، بە لانیکەمەوە ١٠٠ چەتە لە سەر سنوور هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ٥ گوندە و بەلانیکەمەوە لەو هێرشەدا ٧٠ کەس کۆمەڵکوژکراون و دەیان کەسی تریش بریندار بوون.

بەرپرسانی نەخۆشخانەکانى ناوچەکە رایانگەیاندووە، تاوەکو ئێستا تەرمی ٧٠ کەس دۆزراوەتەوە و گەیندراونەتە نەخۆشخانەکان و لەوەش نیگەرانن، کە ژمارەى کوژراوانى ئەو هێرشە زیاتر بێت.

محەمەدۆ بوهاری سەرۆک کۆماری نایجیریا رایگەیاند، لە ویلایەتی سۆکۆتۆ و ویلایەتەکانى تر لە دژی گروپە چەتەکان دەستیان بە ئۆپراسیۆنکردووە.

گروپی چەتەی بۆکۆ حەرام کە لقی قاعیدەیە لە نایجیریا  تاوەکو ئێستا چەندین هێرشی لەو شێوەیە لە دژی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و چەندین کەسی بێتاوانیان کۆمەڵکوژکردووە. جگە لەو گروپە چەتەیە چەندین گروپی تری چەتە و جیهادی لە نایجیریادا جمجوڵیان هەیە. تا ئێستا بە رەسمی باسی ئەوە نەکراوە، کە گروپی بۆکۆ حەرام لە ویلایەتی سۆکۆتۆ دەستەى چەکداری هەبوو بێت، بەڵام ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە هاوشێوەى کاری گروپە چەتەکانە.

ژ.ت