کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت کۆتایی بە نەژادپەرەستی بهێنرێت

میشل باچیلێت کۆمیسیاری باڵای مافەکانى مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لەبارەى چالاکی و خۆپیشاندانەکان لە ئەمریکا خستەڕوو و داوای کرد کۆتایی بە نەژادپەرەستی بهێنرێت.

کۆمیسیاری باڵای مافەکانى مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان میشل باچیلێت لەبارەى خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەکان بۆ جۆرج فلۆید، کە سەرتاسەری ئەمریکا و بەشێک لە جیهانی گرتووەتەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

باچیلێت رایگەیاند، لە دژی خۆپیشاندەران، کە هیچ مەترسییەکیان دروستنەکردووە و لە دژی رۆژنامەنووسان گولـلەى پلاستیکى و بۆمبی گازی و گازی بیبەر بەکار دەهێنرێت و هێرشیان دەکرێتە سەر.

باچیلێت ناڕەزایەتیى لە دژی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسانی خستەڕوو و وتی "سەرباری ئەوەی رۆژنامەنووسان باجی رۆژنامەنووسییان پێیە، بەڵام بە ئەنقەست و بە رۆژی رووناک هێرشیان دەکرێتە سەر، لە خۆپیشاندانەکاندا هێرشی جەستەیی دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسان و دەیانەوێت رۆژنامەنووسان چاوترسێن بکەن و بەپێی میزاج رۆژنامەنووسان دەستگیر دەکەن".

باچیلێت باسی ئەوەیکرد، بەلانیکەمەوە لەبارەى ٢٠٠ رووداوی پێشێلکارییەوە زانیارییان پێگەیشتووە و ئەوەشی وت "ئەوەى روودەدات هێرشێکى قورس و گرانە لە دژی رۆژنامەنووسان. هەندێکجار لە کاتى پەخش دا کراونەتە ئامانج و هێرشیان کراوەتە سەر و دەستگیرکراون. ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەنووسی لە ئەمریکا یەکێک لە پێوەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانى ناسنامەى ئەو وڵاتە، بۆیە ئەو پێشێلکارییانە مرۆڤ زۆر سەرسوڕمان دەکات".

میشل باچیلێت ئاماژەى بەوەشکرد، بەڕێوەبەریی ئەمریکا بۆ ئەوەى خۆی لە نەژادپەرەستی و توندوتیژی رزگار بکات دەبێت "گوێ لە دڵ و ویژدانی چالاکییە ناڕەزایەتییەکان بگرن، کە لە سەدان شاردا بەڕێوەدەچن و گوێ لە داواکارییەکانیان بگیردرێت و داواکانیان جێبەجێ بکرێن".

باچیلێت وتیشی "دەبێت گوێ لە داواکان بۆ کۆتایهێنان بە کوشتنی ئەفرۆ – ئەمریکیەکان بگیردرێت. دەبێت گوێ لە داواکارییەکان بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکانى پۆلیس بگیردرێت. بۆ کۆتایهێنان بە نەژداپەرەستی کە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران لە کۆمەڵگەى ئەمریکا دەبێت گوێ لەو بانگەواز و داواکارییانە بگیردرێن، کە بڵاودەکرێنەوە".

ژ.ت