گوڵستان کلیچ کۆچیگیت: ڕێگە و بەردەنگی چارەسەری پرسی کورد دیارە

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت گوتی: "ڕێگە و بەردەنگی چارەسەری پرسی کورد دیارە، لە ئیمراڵییە، بەڕێز ئۆجالانە".

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت لە پەرلەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست و ڕۆژەڤەکانی نرخاند، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر دانانی قەیوم، ڕایگەیاند چالاکییەکان دژی دانانی قەیوم بەردەوام دەبێت.

کۆچیگیت تیشکی خستەسەر ئاگرەکەی ئامەد و مێردین و قوربانیانی بیرهێنایەوە، ڕایگەیاند دەوڵەت و دەسەڵات لە خەمی ژیانی هاوڵاتیان نین.

لەبەرئەوەی کوردن

 کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد، تیشکی خستەسەر کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵات لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ڕایگەیاند دەوڵەتی تورکیا بۆ ئاگرەکەی یۆنان دوو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرێکی نارد، بەڵام لەبەرئەوەی کوردان لە شوێنی ئاگرەکەی ئامەد و مێردین دەژین، فڕۆکە و هەلیکۆپتەر نەنێردرا.

کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد بەرپرسیاری سەرەکی لە کەوتنەوەی ئاگرەکە دەسەڵاتی ئاکەپە و کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ)ـە.

کۆچیگیت تیشکی خستەسەر هەوڵەکان بۆ چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادرووست، کە وا بڵاوکرایەوە ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پاوان و پووش و پەڵاشەوە بووە، بەڵام دووپاتی کردەوە بەپێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی تەلی کارەباوە بووە و بەرئەنجامی کەمتەرخەمی DEDAŞ بووە.  

کۆچیگیت ڕەخنەی لە هەڵوێستی پارێزگارانی ئامەد و مێردین گرت کە وەڵامی داواکارییەکانیان نەداوەتەوە بۆ دابینکردنی هەلیکۆپتەر لەپێناو کوژاندنەوەی ئاگرەکە، هەروەها ناڕەزایەتی بەرامبەر ئاستەنگکردنی پەرلەمانتاری دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز لەلایەن پارێزگاری مێردینەوە.

کۆچیگیت دووپاتی کردەوە پارێزگار و DEDAŞ بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، DEDAŞ بووەتە هۆکاری مردنی ١٥ کەس، ئامادەش نییە کەمتەرخەمییەکان ڕاست بکاتەوە، گوتی: "ئێمە دەزانین DEDAŞ دامەزراوەی ستەمکردنەوە لە گوندنشینان و جووتیاران".

کۆچیگیت دووپاتی کردەوە، بەڵگە و دیمەن هەن کە ئاگر لە گوندی خرالی دێرک بەهۆی تەلی کارەباوە کەوتۆتەوە، بەڵگە و دیمەنەکان ڕادەستی داواکاری گشتی کراون.

٤٣ زیندانی گیانیان لەدەستداوە

کۆچیگیت ڕایگەیاند دامەزراوەی پزیشکی دادوەری وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ زیندانییە نەخۆشەکان دەکات، چونکە ئاستەنگی هەرە مەزنە لەبەردەم ئازادبوونی زیندانییەکان، بەهۆی ئەم ئاستەنگەوە زیندانیان دەمرن، گوتی: "بەگوێرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٤٣ زیندانی لە زیندانەکان گیانیان لەدەستداوە".

جەختی کردەوە، مردنی زیندانیان ئاسایی نییە و تاوانە، حکومەت و وەزارەتی داد بەرپرسن لە مردنەکان، پێویستە حکومەت و وەزارەت باجی ئەم تاوانە بدەن و دادگایی بکرێن.

پرسیاری ڕەوشی ئیمراڵی لە وەزیر کرا

کۆچیگیت تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: " ئەو زیندانیانە لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە چالاکی دەکەن و ناچنە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکانیان. خێزانەکانیان دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری داد کۆببنەوە. هەموو هەفتەیەک خێزانەکان لەبەردەم زیندانەکان چالاکییەکان ڕێکدەخەن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و باشترکردنی ڕەوشی زیندانییەکان. بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکمان لەم بارەیەوە نییە. وەزیری داد لەجیاتی کۆبوونەوە و وەڵامدانەوە دەڵێت، گۆشەگیری نییە و ڕاستییەکان دەشارێتەوە. ئەگەر گۆشەگیری نییە بۆ وەڵامی داواکاری 35 سەندیکای پارێزەران نادەیتەوە کە لە هەزار و 330 پارێزەر پێکهاتوون. ئەگەر گۆشەگیری نییە بۆ وەڵامی داواکاری پەرلەمانتارەکانمان نادەیتەوە. پەرلەمانتارەکانمان دەیانەوێت بچنە ئیمراڵی. بۆ ڕێگە نادەن خێزان و پارێزەران کۆببنەوە. پێویستە وەزیری داد بەڕێز یڵماز تونچ وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە".

تاکە ڕێگە عەبدوڵا ئۆجالانە

کۆچیگیت ڕایگەیاند تا پرسی کورد چارەسەر نەبێت، هیچ پرسێک چارەسەر نابێت، گوتی: " زۆر ڕوونە کە بەردەنگی چارەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، ئەوەش تاکە ڕێگەیە. بە بەردەنگی بەڕێز ئۆجالان، هەموو پرسەکان چارەسەر دەبن و ئاوێک دەکرێتە بەم ئاگرەی سیاسەت و ئابووری و دەکوژێنرێتەوە".

کۆمەڵکوژی ژنان

کۆچیگیت تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژی ژنان، دووپاتی کردەوە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە ٧ شاردا ٧ ژن کوژراون. جەختی کردەوە بەرپرسیاری ئەم کۆمەڵکوژییە دەسەڵاتی سەردەست و ستەمکارە، هەروەها هەموو ژنانی قوربانی بیرهێنایەوە.