قەرەیلان: پێویستە دان بە مافەکانی شوناسی کورددا بنرێت

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە داوای کرد پێویستە دان بە مافەکانی شوناسی کورددا بنرێت و ڕایگەیاند؛ "لەسەر ئەو بنەمایە دەکرێت چەک دابنرێت". قەرەیلان ئەوەشی گوت کە پرۆسەکە بۆ کورد پرسێکی نەتەوەییە.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ تەلەفزیۆنی کەناڵ 8ی باشووری کوردستان ئەنجامدا.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا قەرەیلان سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە پەکەکە بە هۆی بەردەوامی هێرشەکانەوە لە سەر هەرێمەکە، ناتوانێت کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بۆیە ​​دەبێت دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگرن.

قەرەیلان سەرنجی بۆ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گۆڕان و گۆڕانکاری ڕاکێشا و وتی: "ئەم هەوڵدان و بەدوادا چوونانە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی هەندێک لایەنی نهێنی ناو دەوڵەت، ئەو گۆڕانکاریانە نەگەیشتنە ئەنجام.

قەرەیلان هەروەها سەبارەت بە پرۆسەکە و ڕۆڵی مام جەلال تاڵەبانی لەو قۆناغەدا رایگەیاند؛ "وەک دەزانرێت، لە ساڵی ١٩٩٣، هەندێک پەیوەندی لە نێوان تورگوت ئۆزاڵ و رێبەر ئاپۆ هەبوو. هەروەها مام جەلال تاڵەبانی وەک نێوەندگیری ڕەوڵی هەبوو. بەو بۆنەوە مام جەلال تاڵەبانی بە منەتداری بە بیردێنمەوە. پێویستە بزانرێت کە تێکۆشانی قەد لەبیرناکرێت. هەروەک دەزانرێت پرۆسەکە پێشنەکەوت و بە شێوەیەکی ئاشکرا تورگوت ئۆزاڵ کوژرا. هەروەها لە ساڵی ١٩٩٨دا دیسان پرۆسەیەک دەستی پێکرد بەڵام لە بەرامبەردا پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دەستی پێکرد. لە ساڵی ٢٠٠٢دا ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی پەکەکەی هەڵوەشاندەوە، شەڕ ڕاوەستا. بەڵام لەو کاتەدا هەندێ لایەن لە ناو و دەرەوە هەوڵی لەناوبردنی ئێمەیاندا، بەو بۆنەوە دیسان پەکەکە دامەزرایەوە.

قەرەیلان لە قسەکانیدا ئاماژەی بە پڕۆسە نوێیەکە کرد و ڕایگەیاند، لە دوای شەڕی ١٠ ساڵی ڕابردوو، کاتێک حکومەتی تورکیا بە هەموو توانایەوە هەوڵی شکستی بزووتنەوەکەمانی دا، لە ئەنجامدا شکستی هێنا، دەوڵەت باخچەلی ویستی بەو دەستپێشخەرییە پڕۆسەیەکی لەو شێوەیە دەست پێبکات.

قەرەیلان بە ١٠ساڵی ڕابردوو رایگەیاند: "بە هەموو شێوازێک شەڕیان لەگەڵ ئێمە کرد و هەموو جۆرە چەکێکیان بەکارهێنا. ئەوان پشتگیریان لە ناتۆ وەرگرت و مۆدێرنترین چەکیان وەرگرت و دژی ئێمە بەکاریان هێنا. بەڵێ ڕاستە لەم شەڕەدا زیانی گیانیمان بەرکەوت، بەڵام شکستمان نەهێنا و نەیانتوانی کۆتایی بە ئێمە بێنن. ئەمجارە دەوڵەت باخچەلی چووە پەرلەمان و سڵاوی لە دەم پارتی کرد. پاشان لە پەیامێکدا وتی: "ئەوان بۆ ئاشتی ئامادەن و ئاماژەی بەوەشکرد، کورد و تورک دەتوانن پێکەوە بژین" لەم دواییانەدا ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەت بیەوێت، ئێمەش ئامادەین پرۆسەی گۆڕان و گۆڕانکاری دەستپێبکەین."

قەرەیلان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە "دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت ڕاستەوخۆ بەشداری ئەم پرۆسەیە بکات. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ڕێگری لێبکرێت و لە زیندان ئازاد نەبێت، ڕەنگە هەندێک گروپی گەریلا چەکدانان قبوڵ نەکەن و منیش خۆم بانگەوازێکی لەو شێوەیە بۆ گەریلا ناکەم. پێویستە گروپەکانی گەریلا بۆ خۆیان بتوانن لە گەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیدار ئەنجام بدەن."

قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت، دەبێت ئازاد بێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ناڵێین بێتە قەندیل یان بەهدینان، بەڵکوو پێویستە ئازاد بێت و شاندەکان بچن و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن. هەروەها دەکرێت بە ڕێگەی تەکنولۆژی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات. گرووپەکانی گەریلاش ئەگەر پێویست بوو دەتوانن سەردانی بکەن. ئەگەر نا، پرۆسەکە بەرەوپێش ناچێت. ئەگەر خودی ڕیبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیە ڕێبەرایەتی نەکات، بەشێک لە فەرماندەکان و گەریلاکانمان چەکدانان قبوڵ ناکەن، تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەوانە ڕازی بکات چەکدانێن. بۆیە دەبێت ئازاد بکرێت."

قەرەیلان لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد؛ بۆ ئەوەی کۆنگرەی پەکەکە ببەسترێت، دەبێت حکومەتی تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێت، هاکان فیدان و یاشار گولەر ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن. قەرەیلان ئاماژەی بە قسە و لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا کرد و وتی: "ئەم دوو وەزیرە نایانەوێت پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت. یاشار گولەر بەتایبەتی لە هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکانە و شەڕی دەروونی بەڕێوەدەبات. یاشار گولەر بە قسەکانی پرۆسەکە تێکدەدات و زانیاری ناڕاست بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە. لەوانەیە هەمان زانیاری هەڵە بداتە بەرپرسانی حکومەت. دەڵێت ئێمە پەکەکەمان لاواز کردووە، تەنانەت لەناومان بردووە. بە پێچەوانەوە ئەم قسانە دەکات."

قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هێزەکانیان ٢٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەک هەڵگریان خستۆتە خوارەوە و دەشڵێت: "وێنەکانیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووتەوە و وتی: "گەیشتوینەتە ئاستێک کە بتوانین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی هەتا ئەنقەرەش ئەنجام بدەین."

هەروەها سەبارەت بە هێزی گەریلاش ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەت لە شەڕدا بەردەوام بێت و هێرش بکاتە سەر گەریلا، گەریلا شەڕ دەکات و سەردەکەون. قەرەیلان هەروەها ڕایگەیاند؛ ئێستا گەریلا توانای شەڕی زەوی و ژێر زەوی و ئاسمانیشی هەیە.

قەرەیلان لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی کۆنسەی سەربازی هەپەگە کرد کە لە مانگی کانوونی دووەمدا ئەنجامیانداوە و وتی: "ئێمە لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆبوونەوەی کۆنسەی سەربازیمان ئەنجامدا، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە لەسەر بنەمای دوکتۆرینی شەڕی نوێ لە هەموو شوێنێکدا شەڕ پەرە پێبدەین. بەڵام ئەمە پێش بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. بەڵام ئێمە پابەندین بە سیاسەتی ڕێبەر ئاپۆ. ڕێبەر ئاپۆ خەریکی بەرەو پێشبردنی هێڵێکە، ئەم هێڵە تەنها بۆ ئێمە نییە، بەڵکوو بۆ هەموو گەلی کورد و ناوچەکەیە، ئێمەش پابەندین بەو پرۆسەوە. بەڵام ئەگەر حکومەتی تورکیا بە چەک هێرش بکاتە سەرمان، ئێمەش بە پشتبەستن بە دوکتورینی شەڕ بەرەنگاری دەبینەوە و لەو باوەڕەداین سەردەکەوین".

قەرەیلان  لە کۆتاییدا ئاماژەی بە گرنگی پشتیوانیکردن لە پرۆسەکە کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەمووان پشتیوانی ئەم پرۆسەیە بکەن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و وتی: "ئەم پرۆسەیە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان زۆر گرنگە. ڕێبەر ئاپۆ زۆر بە وردی ئەم پڕۆسەیەی بەرەو پێش بردووە، هەموو هەوڵەکانی بەم وردبینییەوە بەڕێوە دەبات. ئێمە وەک بزووتنەوەکەمان، وەک گەلی کورد، دەبێ لەو بارەوە سەفەربەر بین و بە هێزەوە پشتیوانی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەین. دەبێت وریا بین بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا پەنا بۆ شێوازی چەواشەکاری و فریودەرانە نەبات. ئەم پرۆسەیە بۆ کورد سیمایەکی نەتەوەیی هەیە. بۆیە پێویستە هەموو کورد تێکۆشانی بۆ بکات."