شاندێکی جەهەپە سەردانی هەرێمی ئاگرکەوتنەوەکەیان کرد

شاندێکی جەهەپە سەردانی هەرێمی ئاگرکەوتنەوەی گوندەکانی نێوان ئامەد و مێردینیان کرد، ئاماژەیان بەوەدا هۆکاری کارەساتەکە DEDAŞ و کەمتەرخەمی دەسەڵاتداری بووە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

سەردانیکردنی خەلکی بۆ پرسەی ئەو کەسانەی لە ناوچەی شەمرەخی مێردین و لە ناوچەی چناری ئامەد بەهۆی کەوتنەوەی کارەساتی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە بەردەوامە. ئەمڕۆش شاندێکی جەهەپە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) عەلی ماهیر بەشار، سەردانی پرسەی ئەو کەسانە دەکەن کە ئەنجامی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە سەردانیکردنەکەدا سەرۆکایەتی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) عەلی ماهیر باسی لەوەکرد کارەساتێکی مەزن لە هەرێمەکەدا ڕوویداوە. لە قسەکانیدا عەلی ماهیر ئاماژەی بەوەدا هەموو ئەو کەسانەی ئاگاداری کارەساتەکە بوون پێكڕا دەڵێن کە DEDAŞ بەرپرسیاری ڕوودانی کارەساتەکەیە.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا عەلی ماهیر باسی لە کەمتەرخەمی دەسەڵاتداری کرد لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و وتی: "پێویستە دادگای کۆماری بە شێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بکات. وە بەهۆی درەنگ بەشداریکردنی دەسەڵاتداری بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە زیانێکی زۆر کەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیش بوون بەقوربانی. بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی جدی لێکۆڵینەوە بکرێت، بۆ ئەوەی کارەساتی لەم شێوەیە دووبارەنەبێتەوە. وە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە هۆکاری گیان لەدەستدای ١٥ هاوڵاتین."