بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی چالاکییەکی بەرفراوان لە ئەڵمانیا ساز دەکرێت

دەستەی هاوکاری هاوبەشی هێزە چەپ، دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی/ئاڵمانیا-کۆڵن لە ٢٨ی ئەم مانگەدا رێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بۆ پاڵپشتی لە سەرهەڵدانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدات.

لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە بەمەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ناوخۆی ئێران، بەرخودانی کوردستان و بەلوچستان و بەرزکردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازان وەک "هاوکاری هاوبەشی هێزە چەپ، دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان بۆ پاڵپشتی لە سۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی/ئاڵمانیا-کۆڵن" بە پێشەنگایەتی ژنان و هێزە و یەکسانیخواز و دیموکراتیکەکانی کوردستان و ئێران و لایەنە دیموکراتیکەکانی ئەوروپا بە تایبەتی وڵاتی ئەڵمانیا لە ٢٨ی مانگی کانوونی دووەمدا لە کۆڵن چالاکییەک ئەنجام دەدەن.

چالاکییەکە لە جۆری رێپێوان و گردبوونەوە دەبێت و کاتژمێر ١٣:٠٠ بۆ ١٧:٠٠ ی رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە گۆڕەپانی نیئومارکێتی شار کۆڵنەوە دەستپێدەکات.

رێکخەرانی چالاکییەکە بانگهێشتی هەموو لایەنە ئازادیخوازەکانیان کردووە کە بە رەنگ و هێمای خۆیانەوە لەو رێپێوانەدا بەشداربن بۆ ئەوەی ببێتە چالاکییەکی کاریگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێران.

هـ . ب