بەرهەم ساڵح لەگەڵ شاندێکی شەنگال کۆبووە
بەرهەم ساڵح لەمیانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندێکى شەنگال، بە توندیی سەرکۆنەی دەستدرێژییکردنەی سەر شەنگالی کرد و ڕایگەیاند: پێویستە کۆتایی بهێندرێت بە نەھامەتییەکانی خەڵکی شەنگال و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بەرهەم ساڵح لەمیانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندێکى شەنگال، بە توندیی سەرکۆنەی دەستدرێژییکردنەی سەر شەنگالی کرد و ڕایگەیاند: پێویستە کۆتایی بهێندرێت بە نەھامەتییەکانی خەڵکی شەنگال و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆک کۆمارى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح بە ئامادەبوونى حەمید حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکى سەلام لە شارى بەغدا پێشوازیی له شاندێکی خەڵکی شەنگال کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە میانەى کۆبونەوەکەدا بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە: خەڵکی شەنگال بەهۆی توندوتیژیی و تیرۆرەوە ئازاری زۆریان چەشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە قارەمانێتیی زۆرەوە رووبەڕووی نەهامەتیی و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان بوونەتەوە.
سەرۆک کۆمارى عێراق بە پێویستی زانیوە، کۆتایی بهێندرێت بە نەھامەتییەکانی خەڵکی شەنگال و ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکە و ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان بە سەربەزیی.
بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەکەدا بە توندیی سەرکۆنەی دەستدرێژییکردنە سەر شەنگالی کردووە و دوپاتیشیکردەوە لە پێویستی کۆتاییھێنان بە بارگرژییە ئەمنییەکانی شارەکە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ئێزدییەکان دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: سەرۆک کۆمارى عێراق جەختی کردووەتەوە لە گرنگی کارکردن بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی ھێنان بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
لە کۆتاییشدا بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە: پێویستە تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسیی و ئیدارییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و ڕێکخستنی ئیدارەی شارەکە بەپێی خواستی خەڵکی شەنگال بێت.
جێگەى ئاماژەیە، بەشێوەیەکى بەردەوام دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەبیانووى جۆراوجۆر لەڕێگەى فڕۆکەوە هێرش دەکاتە سەر سنورى شەنگال و بەهۆیەوە هاوڵاتى مەدەنى شەهید و بریندار دەبن و دواهەمین هێرشى ئەو دەوڵەتەش پێشنیوەڕۆی ڕۆژى ١٥ ى ئەم مانگە بوو، کە بۆردوومانی ئەنجومەنی گەلی سنونێ-ی کرد و بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ شەهیدبوو، حەوت هاوڵاتییش بریندار بوون.
ف.ق