بوڵدان: حکومەت لە پشت هێرشەکانی سەر هەدەپەوەیە

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان لەکاتی سەردانی بۆ رێکخستنی هەدەپەی ناوچەی یورەگیر کە لە رۆژانی رابردوودا هێرشی نەژادپەرەستانەی کرابوەسەر وت: "لە پشت ئەو هێرشەوە ئەوانە هەن کە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیان ئەنجامدا".

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان چووە سەردانی رێکخستنی هەدەپە لە ناوچەی یورەگیر کە لە رۆژانی رابردوودا لە ئەدەنە رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستانە ببوەوە.

لەسەرلەبەیانیدا بەسەدان کەس لەبەردەم بینای یورەگیردا کۆبوونەوە، گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان گێڕا و دروشمەکانی'هەدەپە گەلە'یان بەرکردبوەوە.

هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان لە لایەن گەلەوە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێکرا.

لەوێ بوڵدان وتەیەکی پێشکەش کرد و سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە سەرباری هێرشەکان هەدەپەیان لە ئامێز گرتووە و وتی، کە حکومەت لە پشت هێرشەکەوەیە.

بوڵدان تیرۆرکردنی دەنیز پۆیراز لە ئیزمیر و هێرشەکانی سەر رێکخستنی ناوچەی باجچەلیڤلەری پارتەکەی بەبیرهێنایەوە و وتی: "لە پشت ئەو هێرشانەوە ئەوانە هەن کە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکییان ئەنجامدا. وابیرنەکەنەوە کە هەدەپە بە تەنیایە، ملیۆنان کەس لە پشتمانەوەن. ئێمە تا ئەمڕۆ رووبەڕووی زۆر هێرشی لەو چەشنە بووینەوە، بەڵام ئێمە هەرگیز هەنگاومان بۆ دواوە نەناوە، ئێمە بێ هیوا نەبووین. بەپێچەوانەوە ئێمە بەرامبەر بەو هێرشانە بەهێزتر بووین. لە پێناو ئازادی تورکیا و ئاشتی لە تورکیا ئێمە رەنجێکی زۆرمان کێشا. هێرشەکانتان هەرگیز ناتوانن رێگری لەمە بکەن. ئەم وڵاتە پێویستی بە دادپەروەری، ئاشتی و دیموکراسی هەیە".

بوڵدان سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە لەبەرامبەر هێرشەکان خۆڕاگرییان کرد و بینای ناوچەکەیان پڕ کرد و وتی: "خاوەنداریتان رێگری لە هێرشەکانی داهاتوو دەکات. هیچ پارتییەک نابێتە خاوەنی خاوەنداریەکی بەشکۆی لەو جۆرە. ئێمە پارتیەکی بەو جۆرەین کە ئێمە بە هۆی ئەو قوربانیانەی چەندین ساڵە دەیدەین راوەستاوین. ئێمە سڵاو پێشکەش بە گەلی ئەدەنە و ئێوە دەکەین".

هـ . ب