بوڵدان: کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە بچینە پێشەوە
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان لە کۆنگرەی رێکخستنی پارتەکەی لە مێرسین قسەی کرد و رایگەیاند،"کات کاتی ئەوەیە کەئێمە پێکەوە هەنگاو بنێین و شان بە شانی یەک بچینە پێشەوە".
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان لە کۆنگرەی رێکخستنی پارتەکەی لە مێرسین قسەی کرد و رایگەیاند،"کات کاتی ئەوەیە کەئێمە پێکەوە هەنگاو بنێین و شان بە شانی یەک بچینە پێشەوە".
هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان بەشداری لە چوارەمین کۆنگرەی رێکخستنی هەدەپەی مێرسینی کرد، کە بە دروشمی "کات کاتی هەدەپە"یە سازکراوە.
ئەندامانی پارتی رزگاری سەرلەنوێ سوسیالیست (سەیەکەپە)، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە سیاسیەکان بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کرد.
لە کۆنگرەکەدا کە زیاتر لە هەزار کەس ئامادەبوون، لەسەرەتادا هاوسەرۆکی هەدەی مێرسین محەمەد ئاڵش قسەی کرد و باسی لەوەکرد، کە لە دژی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ئەوان هەنگاو بۆ دوواوە نانێن، ئەوان هیواگان گەورەتر دەکەن و سەردەکەون.
دواتر هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە هزری هەدەپە ئازادی و یەکسانیە.
تاکە بەربەستی بەر دەمیان، هەدەپەیە
بوڵدان وتی، "لەبەر ئەوەی هەدەپە لق و پەلێکە کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی پێوەبگرێتەوە، لەهەمان کاتدا ریشەیەکی پتەوە و هەرگیز ناکەوێت. لەناو سیاسەتی تورکیادا ناونیشان و ئەدرێسی چارەسەریە".
بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو، کە ئامانجی دەسەڵاتداری "تاریکی، ستەم و ستەمکاریە" و بەم جۆرە درێژەی پێدا، "ئەوان سیستمێکی تاریکی نکۆڵیکار و وێرانکاریان خستوەتە بەردەم کۆمەڵگای تورکیا، ئێمە باش دەزانین کە گەورەترین بەربەست لەبەردەمیاندا، هەدەپەیە. ئاشکرایە کە تاکە هۆکاری هێرشەکانی ئەوان بۆ سەر ئێمە ئەوەیە".
لێکدانەوەی هەڵە لە ئامەد، بۆتانەوە دەگەڕێتەوە
بوڵدان رایگەیاند، کە سەرۆککۆماری تورک رەجەب تەیب ئەردۆغان چیتر ناتوانێت کە هۆڵەکان پڕ بکاتەوە و لەبەرامبەر ئەوەدا سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەو قەرەباڵغیەی بە دەوری هەدەپە کۆدەبێتەوە و وتی، "نەک هەر لە کۆنگرەی ئێمە، بێگومان ئێستا ئێمە لە سەروبەندی مانگی ئادارداین. با لە ٨ی ئادار، ٢١ی ئاداردا لە گۆڕەپانەکان بڕوانن. با لە ٨ی ئاداردا سەرنجی کۆبوونەوەی ژنان بدەن. بۆیان دەردەکەوێت کە ئاخۆ هێزی هەدەپە ماوە یان نەماوە؟ با ئەو خەو و خەاڵە ببینن، پێیانوابوو کە هەدەپە پارتێکی لەو جۆرەیە کە زوو لاببرێت، سەرکوت بکرێت و دەرگای پارتەکە دابخەن. تووشی سەرسوڕمان دەبن. وتیان هەدەپە لە رێگەی گوشار، هەڕەشە و هێرشەوە ناتوانێت سیاسەت بکات. لێکدانەوەیکی هەڵەیان کرد. بەڵام هێشتاش لێکدانەوەی هەڵە دەکەن. ئەنجامی لێکدانەوەی هەڵە نەک لە بەغدا، بەڵکوو لە مێرسین، ئامەد، ئێلیح، دێرسی و بۆتان دەگەڕێتەوە، ئێمە پێکەوە دەیبینین".
دۆسیەکانی ساختەکارانە، هێرشەکانی سەر هەدەپە
بوڵدان باسی لەوەکرد کە دۆسیەکانی ساختەکارانە بە هۆی هێزی هەدەپەیە لە هەڵبژاردنەکان و وتی، "دۆسیەی ساختەکارانەی سیاسیان لەبەردەممان کردەوە، هەر وەها بۆ داخستنی هەدەپەش هەڵوێستێکی هاوبەشیان نیشاندا. داواکاری گشتی هەردوو دۆسیەکان ئاکەپەیی و مەهەپەیین. گەلەکەمان دەبێت باش دەزانێت. ئەگەر ئێوە دەوێرن، نەک بە دۆسیەکانی ساختەکارانە، بەڵکوو بە سیاسەت بەرامبەرمان بوەستنەوە".
بوڵدان هێرشەکانی سەر هەدەپەی بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، "ئێمە هەموومان دەزانین کە ئەو هێرشانە سەرچاوەیان کوێیە، لە لایەن کێوە دەکرێن. لەم وڵاتەدا چەتەکان بە ئازادی دەسوڕێنەوە، مافیا دەسوڕێنەوە، داعش دەسوڕێنەوە، رێکخراوە تاوانکاریەکان دەسورێنەوە؛ ئێمە باش دەزانین کە سەرچاوەی هێرشەکان لە دژی رێکخستنەکانمان لە شارەکان لە کوێن و لە لایەن کێوە ئەنجام دەدرێت".
چیتان لەدەست دێت بیکەن..
بوڵدان بە وتنی "ئێوە چیتان لەدەست دێت بیکەن، ئیوە ناتوانن سەرکەوتووبن" رووی کردە دەسەڵات و وتی، "کەنعان ئەڤرەنەکەتان، تانسۆ چیلەرەکەتان نەیانتوانی سەرکەوتووبن، ئێوەش ناتوانن سەربکەون. ئەوەی ئێوە دەتانەوێت بیکەن تورکیا، پەرلەمان و سیاسەتی بە بێ هەدەپەیە، بەڵام ئێوە بە خەونیش ناتوانن بەوە بگەن".
ستەمکاریەکی گەورە
بوڵدان لەبارەی قەیرانی داراییشەوە قسەی کرد و وتی، "هیوایان بە رووخساری کۆمەڵگای تورکیاوە نەهێشت. لە تورکیا سزای یەکجار زۆر، پسوڵەی هەرە زیاد هەیە. رەنگە لە مێژوودا بۆ یەکەمجار شتێکی لەو جۆرە روویدابێت؛ ئەوەش لە ماوی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەدا روویدا. ئەو شەرمەزاریە بەشی ئەوە دەکات؛ ئێوە بەو شەرمەزاریەوە بژین".
کات کاتی پێکەوە هەنگاونانە
بوڵدان رایگەیاند:، "بێگومان ئەو دۆخە لەلایەنی مێژووی تورکیاوە ستەمکارییەکی گەورەیە" وبەو جۆرە درێژەی پێدا، "ئێستا کات کاتی پێکەوە هەنگاونانە، کات ئەو کاتەیە پێکەوە بەرەوپێش بچین. ئەم دەسەڵاتە مەراق و داواکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی تورکیا نیە".
بە بێ کوردان، هەدەپە و ئیمڕاڵی چارەسەری نایاتەئاراوە
لە کۆتایی قسەکانیدا بوڵدان وتی، "ئێمە دەبینین کە کێشەکان لە ناوەڕاستدان. یەکێک لە هەرە گەورەترین کێشەکانی ئەم وڵاتە کێشەی کوردە، کە دەسەڵات هەول دەدات بە گۆشەگیری و نکۆڵی چارەسەری بکات. دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو کە کێشەی کورد هێشتاس بەردەوامە. پرسی کورد پرسێکی بەو جۆرە نییە کە بە گۆشەگیری چارەسەر بکرێت. بەتایبەتی لە زیندانی ئیمڕاڵی، لە زۆر زیندان گۆشەگیری و کردەوەی نایاسایی هەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەبێت کورد، هەدەپە بە بەردەنگ دابنرێن. دەمەوێت جارێکی تر ئەوە بەبیر بێنمەوە کە بە بێ کوردان و هەدەپە، بە بێ ئیمڕاڵی ئەم کێشەیە چارەسەر ناکرێت، پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت".
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا هەڵبژاردن کرا و بەدریە کوش و هۆشیار سارییەڵدز وەک هاوسەرۆکانی هەدەپەی مێرسین هەڵبژێردران.
هـ . ب