هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (دەتەکە) بەدران ئۆزتورک، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) پەروین بوڵدان، سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و نوێنەرانی بەش و پێکهاتەکانی پارتەکەش لە نێویاندا، شاندێک لە هاتای لێقەوماوانی بومەلەرزەیان بەسەر کردەوە. شاندەکە لە ناوەندی بەڕێوەبەری ئیسکەندەرون سەردانی لێقەوماوانیان کرد و لەوێ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان بەست.
بوڵدان سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەوانەکرد کە ژیانیان لەدەستداوە و وتی، "ئەمڕۆ جارێکیتر لێرە بینیمان کە ئازارەکە چەندە گەورەیە، کارەساتەکە چەندە گەورەیە. بەڵام ئەوەشمان بینی کە پشتیوانییەکی گەورەش لە ئارادایە".
بوڵدان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە هەموو شارەکان بە تایبەتی لە هاتای کەموکورتی بوونی هەیە و وتی، " لەم شارە پرسی کەمی خێمە، ئامێری گەرمکەرەوە و شوێنی حەواندنەوە بوونی هەیە. جارێکیتر گوێمان لە ناڵە و هاوار بوو. لەو شارانە لە یەکەم رۆژەوە بە ئامێرەکان هیچ دەستوەردانێک نەکرا بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان. ئەمڕۆ دەبینین، ئامێرەکان بۆ لابردن و دوورخستنەوەی داروپەردووی خانووە رووخاوەکان ریزیان بەستووە".
'دەیانەوێت کە بەڵگەکان لەناو ببەن'
بوڵدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئەوانەی ئەو رۆژانە دیار نەبوون، ئەمڕۆ لەئامادەباشیدان و بە ئامێر و مەکینەکان دەستیان بە کار کردووە. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بە گوێرەی یاسا لابردنی داروپەردووی خانووە رووخاوەکان کە وەک بەڵگەن بۆ ئێمە، تاوانێکی گەورەیە".
'باجی ئەوە دەدەن'
"ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەرپرسیارێتیدان، وەک ئەوەی لەم بومەلەرزەی روویداوە هەرگیز هیج بەرپرسیارێتییەکیان نەبووە مامەڵە دەکەن، با باش بزانن کە ؛ ئێوە باجی ئەوە دەدەن. لەبەر ئەوەی هەزاران کەسمان لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا مانەوە. ئەم گەلە لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکات".
' ئاکەپە لەناو دەچێت'
یەکەم هەنگاوی رزگاربوون لەم بومەلەرزە و کارەساتانە، شکستدانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە. تێکۆشان، بە رێکخستنبوون و پشتیوانی گرنگە. یەکەم هەنگاو کە هەڵیدەگرین، شکستدان و لەناوبردنی دەسەڵاتی ئاکەپە- مەهەپە دەبێت. جارێکیتر سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەموو ئەوانە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە و دەڵێم دوا کۆستتان بێت و ئارامی پشودرێژیتان بۆ دەخوازم. هەروەها سەری هەموومان ساغ بێت و سەرەخۆشی لەخۆمان دەکەم، خوداوەند ئارامگری و پشوودرێژیمان پێببەخشێت".
سەردانی شاندەکە لە شارەکە بەردەوامە..
هـ . ب