بۆزگایک: شەڕ قەیران قوڵتر دەکاتەوە

هاوسەرۆکی کەسک محەمەد بۆزگایک رایگەیاند، بە هۆی سیاسەتەکانی دەسەڵاتداری کە لایەنگری شەڕ و سەرمایەیە، قەیرانی ئابوری لە ساڵی ٢٠٢٢دا قووڵ بووەوە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا دژوارتر دەبێت.

هاوسەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا جەماوەرییەکانی رەنجدەران (کەسک) محەمەد بۆزگایک لەبارەی قەیرانی ئابورییەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەوآڵی فرات (ANF) کرد. بۆزگایک ئاماژەی بە سیاسەتی لایەنگری دەسەڵات بۆ سەرمایەداری کرد و وتی، "لەبەر ئەوەی لە بودجەدا هیچ بڕێک بۆ ملیۆنان کرێکار، رەنجدەری جەماوەری، خانەنشین، ژنان و گەنجان تەرخان ناکرێت، هەلی کار ناڕەخسێندرێت، ئێمە کەوتووینەتە ناو قۆناغێکی دژواری هەژارییەوە. کاریگەری ئەوە هێشتاش بەردەوامە. لەبەر ئەوەی ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی هەڵبژاردنە، ئاکەپە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە زیاتر سەرچاوە داراییەکان بۆ خۆی تەرخان دەکات، هەربۆیە بۆ رەنجدەران و کرێکاران کێشەی دابینکردنی بژێوی لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر دەبێت".

'هۆکاری سەرەکی سیاسەتی ئەمنییە'

بۆزگایک سەرنجی راکێشا بۆ سەر قۆرخکارییەکانی دەسەڵات و وتی، "دەزانین کە شەڕ لە تورکیا هۆکاری سەرەکی کردەوە دژە دیموکراتیکەکان، دیکتاتۆربوون، هەڵاوسانی بەرز، هەژاری و بێکارییە. بەردەوام باس کەوە دەکەین کە سیاسەتی شەڕ لەسەر بنەمای ئەمنین. لەگەڵ شەڕی روسیا لە دژی ئۆکرانیا ئەو راستیە باشتر بەرجستە بوو. کاتێک ئێمە بە گەلانی تورکیا، گەلانی جیهانمان دەگوت کە سیاسەتی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی هۆکاری قەیرانی ئابورین، قەیران گەورەتر دەکەن، بڕوایان پێنەدەکردین. گەلانی تورکیا ئیتر دەزانن کە هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئابوری، بێکاری، هەژاری و هەڵاوسانی بەرز ئەو سیاسەتی شەڕ و ئەو سیاسەتانەیە کە بنەمایەکی ئەمنییان هەیە".

هـ . ب