دادگای فیدراڵیی عێراق کاندیدبوونی هۆشیار زێباریی ڕاگرت
دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و دەڵێت: مەرجەکانی ماددەی ٦٨ی دەستوور نایگرێتەوە.
دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و دەڵێت: مەرجەکانی ماددەی ٦٨ی دەستوور نایگرێتەوە.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی ڕاوێژکاریی لەبارەی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پەدەکە و کاندیدی پەدەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجامدا.
دادگای فیدراڵیی لە دانیشتنەکەدا بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاندیدبوونی هۆشیار زێباریی و لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: ڕێکارەکانی خۆکاندیدکردنی هۆشیار زێباری لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پێچەوانەی دەستووری عێراقە، هۆشیار زێباری مەرجەکانی ماددەی ٦٨ی ساڵی ٢٠٠٥ دەستوور نایگرێتەوە، بۆیە دەبێت کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕابگیرێت.
دادگای فیدراڵیی بڕیاریداوە تا لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکەی زێباری تەواو دەبن کاندیدبوونەکەی ڕابگرێت، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریی نەکردووە بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر دۆسیەی کاندیدەکەی پەدەکە.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵای سێ پەرلەمانتاری یەنەکە و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆبووە، کە ئەوانیش بریتین لە؛ کاروان عەلی یاروەیس، دیلان غەفور و کەرم شکور لە یەنەکە و عەلی تورکی جەسوو، سەربەخۆ.
ف.ق