وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست.
پرسی کورد
ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر سڵاوەکەی باخچەلی لە ١ ی تشرینی یەکەم لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ڕایگەیاند پرسی چارەسەری پرسی کورد لە ١ ی تشرینی یەکەمەوە نەبووەتە ڕۆژەڤی پارتەکەیان، دەمێکی درێژە مژاری سەرەکی پارتەکەیانە، پرسی کورد مەزنترین و بنەڕەتیترین پرسی تورکیایە، بەڵکو پرسی تورکیا و هەرێمەکەیە.
ڕایگەیاند چارەسەری ئەم پرسە پێویستی بە نزیکایەتییەکی جدی و قووڵ و مێژووییە، ئەگەر ئەم پرسە بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر نەبێت، ئابوور و دیموکراسیی لە تورکیا پێش ناکەون. جەختی کردەوە، لێرەوە و لەوێ باس لە چارەسەر دەکرێت، بەڵام شتێکی ئەوتۆ بۆ ڕای گشتی و دەم پارتی ڕوون نەبووەتەوە، گوتی: "ئەم قۆناغە وەک پرۆسەی چارەسەر پێناسە ناکەین، دەتوانین بڵێین هەندێک گفتوگۆ هەیە".
"نەخشەڕێگا بۆ ڕای گشتی بڵاوناکەنەوە"
دۆغان ڕایگەیاند ئەوان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ناونیشانی چارەسەری پرسی کورد دەخەنەڕوو، گوتی: "ئەوانەی گفتوگۆیان دەست پێ کردووە، دەربارەی چارەسەری پرسی کورد بە ئاشکرا نادوێن و هیچ نەخشەڕێگایەک بۆ ڕای گشتی بڵاو ناکەنەوە".
دەم پارتی ڕایگەیاند وەک دەم پارتی ئامادەن هەموو بەرپرسیارێتی و دەسپێشخەرییەک بگرنەئەستۆ و ئامادەن گفتوگۆی جدیتر بکەن، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان نەوەک هەر لە کوردستان و تورکیا ئەکتەرێکی سەرەکییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش خاوەنی بیر و بۆچوونی چارەسەرە".
"دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە"
دۆغان جەختی کردەوە، گۆشەگیری ڕێبازێکی ئەشکەنجەیە و قبووڵ ناکرێت، گستی: "سەرۆکی مەهەپە بەڕێز باخچەلی دێت و بانگەواز لە بەڕێز ئۆجالان دەکات، هاوسەرۆکی ئێمەش وەڵامی دایەوە. ئێمەش دووبارەی دەکەینەوە. بەڕاستی بۆ ئێمە جێی پرسیارە، ڕێگە لەبەردەم بەڕێز ئۆجالان دەکەنەوە، ڕێگە لەبەردەم ڕای گشتی دەکەنەوە، ئێمە چاوەڕێین، بزانین چۆن وەڵام دەدەنەوە، چی دەڵێن؟".
دۆغان جەختی کردەوە، ناکرێت درێژە بە گۆشەگیری بدەن و لەولاشەوە بانگەواز لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن، پێویستە ڕێگە بۆ موخاتەب و بەردەنگەکان بکرێتەوە، گوتی: "ئەگەر دەرگای ئیمراڵی نەکەنەوە، گۆشەگیری کۆتایی پێ نەهێنن، ئۆجالان بەشدار نەکەن لە گفتوگۆکان هەر لەناو گفتوگۆدا دەمێننەوە و هیچ پێشکەوتنێک نایەتەدی. بانگەواز دووبارە دەکەینەوە، دەبێت گۆشەگیری هەڵبگرن، ڕێگە و دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە، بەڕێز ئۆجالان بەشداربکەن لەم گفتوگۆیانەدا".