'دەوڵەت هەوڵ دەدات عەلەویەکان بتوێنێتەوە'

هاوسەرۆکی دادی ئەنقەرە مستەفا کارابوداک باسی لەوەکرد کە دەسەڵات ناتوانێت لە رێگەی کۆمەڵکوژییەوە عەلەوییەکان لەناو ببات، هەربۆیە هەوڵ دەدا لە رووی کولتورییەوە بیانتوێنێتەوە.

هاوسەرۆکی داد مستەفا کارابوداک رایگەیاند، کە بە راپۆرتی 'باری دەرونی تەواو نەبووە و ئاگای لە خۆی نەبووە' لە بارەی هێرشبەری سەر جەمخانەکان دەیانەوێت رووداوەکە پەردەپۆش بکەن.

لە ٣٠ی تەموزی ٢٠٢٢ هێرش کرایە سەر چوار دامەزراوەی عەلەویەکان لە ئەنقەرە. هاوسەرۆکی کۆمەڵە دیموکراتیکەکانی عەلەویەکان (داد) مستەفا کارابوداک کە چاودێری دانیشتنی یەکەمی دۆسیەکە دەکات، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. کارابوداک باسی لەوەکرد سەرەڕای ئەوەی لە رۆژی یەکەمەوە سکاڵایان کردووە و پێنج پاڕێزەر بەدواداچوون دەکەن، لە ماوەی ٦ مانگدا هیچ زانیارییەک و بەڵگەیەکیان بەوان نەداوە و وتی، "لە دادنامەکەدا ناوی دامەزراوەکەی ئێمەی تێدا نییە. هەرچەندە ئێمەش لایەنێکین، ئێمە دادنامەکە و رۆژی دانیشتنی دۆسیەکەمان لە راگەیاندنەکانەوە زانی. ئەو ئەقڵیەتە لە هۆڵی دادگاش بەو جۆرە بوو. دادوەر و داواکاری گشتی ئێمەیان بە نەبوو دانا".

راپۆرتەکەیان قەبوڵ دەکرد

کارابوداک سەرنجی راکێشا کە راپۆرتێکیان داوەتە تۆمەتبار کە ئەو سێ هەفتە لە نەخۆشخانەی شاری بیلکەنت ماوەتەوە و سزا نایگرێتەوە. کارابوداک بەم جۆرە درێژەی پێدا: "راپۆرتەکەیان لە دادگا پەسەند بکردایە و رووداوەکەیان بە رەوا نیشان دەدا، ئەگەر دەستوەردانی پارێزەرەکەمان نەبوایە. بۆیە ئەوە رووینەدا. بەو جۆرە جارێکی تر لە نەخۆشخانەیەک جێگەی بڕوا یان لە دەزگای پزیشکی داد داواکرا کە راپۆرتەکە پشتراست بکرێتەوە".

 کارابوداک ئەوەشی خستەڕوو کە لە کاتی سەلجوقی، عوسمانی و کۆماریشدا دەسەڵات نەیتوانیوە سەر بەم کۆمەڵگایە دابنەوێنێت و وتی، "لە هەر قۆناغێکدا هەوڵیان داوە بە سیاسەتی قڕکردن، کۆمەڵکوژی و دوورخستنەوە لەسەر ئەم کۆمەڵگایە بگرنەبەر. ئەمڕۆش هەمان سیاسەت بەردەوامە".

بەردەوامی هەمان پڕۆژەیە

هاوسەرۆکی داد مستەفا کارابوداک رایگەیاند کە ئێستاش هەوڵ دەدرێت کە ئایین و شوێنکەوتووانی عەلەوی بتوێننەوە و بەم جۆرە قسەی کرد: "بە کۆمەڵکوژی نەیانتوانیووە عەلەوی لەناو ببەن، ئێستاش هەوڵ دەدەن کە عەلەویەکان بتوێننەوە. لە دواییەدا ناوەندێکی دینی عەلەوییەکانیان دروست کردووە، درێژەی پڕۆژەی مزگەوت-جەمخانەیە کە نەیانتوانی جێبەجێی بکەن. عەلەوی، کورد، ئەرمەنی؛ هەموو ئەو ئایین، گەل و ناسنامانەی لەسەر ئەم خاکە دەژین، دەبێت بتوانن بە زمان و کەسایەتی خۆیانەوە بژین . خواستی عەلەویەکانیش ئەوەیە".

هـ . ب