دەوڵەتی تورک بومەلەرزەکە بۆ خۆی بەکاردەهێنێت

دوای بوومەلەرزەی ٧.٨ و ٧.٧ پلە لە باکوری کوردستان ملیۆنەها کەس بێحاڵ و ماڵ بوون و بەتەنیان و تاوەکو دێت ئاماری زیانەکانی بومەلەرزەکەش زیاتر و قورستر دەبێت، بەڵام دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدایە بومەلەرزەکە بۆ خۆی بەکار بهێنێت.

بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان، کە لە ناوچەی بازارجخ و ئەلبیستان-ی سەربە مەرەش چەقەکەی بوو زیان بە ١٠ پارێزگا و گەورە شار و شارۆچکەکان و ناوچەکان و گوندەکان گەیشتوە. هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر وێرانەکاندان هێشتا ڕوون نییە. هەرچەندە زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر بەسەر بومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا تیمەکانی فریاکەوتنی دەوڵەت نەگەیشتۆتە چەندین ناوچە و هاووڵاتیان بە توانای خۆیان هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەدەن کە لە ژێر داروپەردودان. دوای دوو ڕۆژ لە بومەلەرزەکە حکومەتی تورک بڕیاری ڕاگەیاندنی باری نائاسایی دەکرد.

ڕەجەبی تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک ڕایگەیاند، بەپێی مادەی ١١٩ی دەستوور بڕیاریانداوە باری نائاسایی ڕابگەیەنن. ئەردۆغان ٢٤ کاتژمێر دوای بوومەلەرزەکە بۆ یەکەم جار لەسەر ئەم بابەتە قسەی کرد، بۆیە نیگەرانی ئەوە هەیە بە بڕیاری باری نائاسای بومەلەرزەکە بۆ خۆیان بەکاربهێنن و هۆکارەکانیش ئەمانەن:

 -  ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پرۆسەی هاوکاریکردن و بە هاناوەچوون دەکرێنە دەرەوە. ئەوە لە کاتێکدایە لە مەرەش، ئامەد، دیلۆک، ئەدەنە، عوسمانییە، ڕحا، سەمسور، مەلەتی و هاتای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و خەڵکی مەدەنی هەر لە سەرەتاوە بە هەوڵ و توانای خۆیان لە جیاتی هێزە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت بەهانای خەڵکەوە ڕۆیشتن و دەستیان بە پرۆسەی ڕزگارکردن و هاوکاری کرد، بەڵام بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی، رێگری لە هەڵمەتی هاوکاریی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و کارە جەماوەرییە خۆڕسکەکانی گەل دەگیردرێت.

- لە لێدوانەکاندا ژمارەی ڕاستەقینەی گیان لە دەستدان و بریندارەکان دەشارنەوە، چونکە ژمارەی گیان لە دەستدان و بریندار و زیانەکان زۆر لە لێدوانی فەرمی زیاترن و بۆ شاردنەوەی ئەوەش دەیانەوێت ڕێگە لە هاوڵاتیانی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بگرن و تاوەکو وێنەی کارەساتەکە نەخەنەڕوو.

- موراد کوروم وەزیری گۆڕانی کەش و هەوا، شارەوانی و ژینگە وتی: "ئێمە جگە لە دەستەی هەماهەنگیی ئافاد ڕێگە بە هیچ دەستەیەکی تر نادەین. ئەوەشی خستەڕوو، هاوکارییەکانیش لە ڕێگەی ئافادەوە کۆدەکرێنەوە، بەوەش دەست بەسەر ئەو هاوکارییانەدا دەگرن، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ساڕێژکردنی برینی بومەلەرزەکە کۆدەکرێنەوە.

- هاوکارییەکانی دەرەوەی وڵات لە سەرەتای شارەکاندا لەلایەن دەوڵەتەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

- دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە دەیەوێت ئەو بارودۆخە بۆ هەڵبژاردن بکار بهێنێت، بۆیە بە ئاشکرا وەک 'بەخشیشی خودا' لەو کارەساتە نزیک دەبنەوە، کە بەسەر کۆمەڵگەدا هاتوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، کە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بڵاویان کردۆتەوە، لە ئەنجامی بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتی باکوری کوردستان دا تا ئێستا ٥ هەزار و ٨٩٤ کەس گیانیان لە دەستداوە، بەڵام سەرچاوە هەرێمی و خۆجییەکان دەڵێن، ژمارەی راستەقینە دوو ئەوەندە زیاترە، کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە.

لە ناوچەی بوومەلەرزەکان زیانی زۆر بەر نەخۆشخانەکان گەییشتوە، کێشەی پێداویستیی پزیشکی و دەرمانیش هەیە. ژوورەکانی نەشتەرگەری ڕوخاون و کەرەستە و پێداویستییەکانی نەشتەرگەری کەمن. لە ناوچەی بومەلەرزەلێدراوەکان پێداویستی بۆ دەستێوەردانی پزیشکی کەم بووەتەوە و ئەمبولانسەکان ناتوانن سوتەمەنی وەربگرن.

ژ.ت