بە دیمەن

فازڵ شەنیاشار ئازادکرا

فازڵ شەنیاشار کە پاش ٣ ڕۆژ لە کوشتنی باوک و ٢ براکەی لەلایەن ئاکەپەییەکانەوە، خرایە زیندان، دوای ٦ ساڵ و ٤ مانگ ئازادکرا.

فازڵ شەنیاشار، کە ١٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا پاسەوان و خزمانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدز باوک و برایەکیان کوشت و برایەکی تریان بێسەروشوێن کرد و خۆیشی بریندارکرا، پاش ٣ ڕۆژ خرایە زیندان.

شەنیاشار بەهۆی بەڵگەی هەڵەوە درەنگ ئازادکرا. ئیدارەی زیندان بەو پاساوەی کە شەنیاشار بەهۆی دۆزێکی ترەوە گیراوە، نەیویست پرۆسەی ئازادکردنی دەست پێ بکات. لە ئەنجامی هەوڵی پارێزەران سەلما کە شەنیاشار بەهۆی دۆزێکی ترەوە نەگیراوە و بەمەش پرۆسەی ئازادکردنی دەستی پێ کرد.

"ئەنجامی تێکۆشانەکەمان بەدەستهێنا"

شەنیاشار لە زیندانی جۆری T ی ژمارە ٢ ی ئامەد ئازادکرا، لەلایەن ئەمینە شەنیاشاری دایکی و براکەی پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار و چەندین کەسەوە پێشوازی لێ کرا. لەکاتی پێشوازیکردنەکە، ئەمینە شەنیاشار بۆ ماوەیەکی زۆر کوڕەکەی لەباوەش کرد و گریا.

پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار ئاماژەی بەوە کرد ئەمە ٦ ساڵ و ٤ مانگە براکەی بە ناهەقی لە زیندانە، گوتی: "دایکم ٦ ساڵ و ٤ مانگە تێدەکۆشێت. لەسایەی تێکۆشانی دایکم براکەم ئازادکرا. دایکم لە ماڵ دەمێنێتەوە، بەڵام تێکۆشانی بەردەوام دەبێت. هەزاران کەس وەک براکەی من بە ناهەقی لە زیندانن. زیندانە سیاسییەکان بە ناهەقی گیراون. تێکۆشانمان بۆ ئەوانیش بەردەوام دەبێت".

فازڵ شەنیاشار گوتی: "لەو کەسانە خۆشنابین کە بوونە هۆی گریانی دایکم. تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین تا ئێستە لەگەڵمان بوون".

پاشان بنەماڵەکە بەرەو پیرسوس بەڕێ کەوتن.