گەنجان سیاسەتە پاکتاوکاریەکانی دەوڵەتی تورک-یان ئیدانە کرد

ئەندامانی تەجەشە لە ناوچە زۆر قەرەباڵغەکانی مارسیلیا و بە ئامانجی ئیدانەکردنی سیاسەتە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کورد، پۆستەر و لافیتەیان دانا.

ئەندامانی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی کوردان پۆستەر و لافیتەیان لە قەرەباڵغترین شوێنی مارسیلیا دانا.

گەنجانی تەجەشە ئێوارەی دوێنێ لە مەیدانی ڤیوێکس پۆرت، کە شوێنێکی زۆر قەرەباڵغ و هاتووچۆی سەرەکیی هاووڵاتییان و گەشتیارانە، بە دانانی پۆستەر و لافیتە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان ئیدانە کرد و داوایان لە ئەنجومەنی ئەوروپا کرد، کە بێدەنگی بشکێنێت و بە ئەرکی خۆی هەستێت و هەروەها داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

پاشان یادی ئەو فەرماندانە کرایەوە، کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک دا لە شەنگال شەهید و بریندار ببوون.

ئەندامانی تەجەشە ڕاشیانگەیاند، هەموو هەفتەیەک بە ئامانجی ڕیسواکردنی فاشیزمی دەوڵەتی تورک و هێزە هاوبەش و هاوکارەکانی بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.

ژ.ت