گورورئۆغڵو: رەنجی ٤٠ ساڵەم بە خولەکێک لەناوچوو

جوتیارێک بە ناوی محەمەد گورورئۆغڵو کە لە گوزەلبورچی ئانتاکیا زیان بەر ماڵەکەی کەوت و زەویەکەی کەرت بوو دەڵێت: "رەنجی ٤٠ ساڵە بە خولەکێک لەناوچوو".

دوای بومەلەرزە گەورەکەی ٦ی شوبات، لە گەڕەکی گوزەلبورچی ئانتاکیای هاتای خانوویدوو نهۆمی جوتیارێک بە ناوی محەمەد گورورئۆغڵو رووخاوە و زەوییەکەشی بووە بە دوو کەرتەوە. گۆرورئۆغڵو بۆ ماوەی چەندین رۆژ لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ناو ئۆتۆمبێلدا مانەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانێت دەستبەرداری ماڵ و زەویەکەی بێت لە خێمەدا دەژی. گۆرورئۆغڵو قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و رایگەیاند، "رەنجی ٤٠ ساڵەی بە خولەکێک لەناو چووە".

گۆرورئۆغڵو باسی لەوەکرد کە لەکاتی بومەلەرزەدا بەپێوەبووە و وتی، "نوێژم دەکرد، ئاوم خستبووە سەر زۆپا یان نازانم چی روویدەدا. لەبەر ئەوەی کەوتینە ژێر دیوارەکان و بە ئەستەم خۆمان لە ماڵەکە رزگار کرد. کاتێک هاتینە دەرەوە بینیمان زەوی شەقی بردووە وەک کابوس وابوو.

گۆرورئۆغڵو باسی لەوەشکرد کە قیری جادەی رەیحانلی-ئیسکەندەرونیش قڵەشابوو و زۆر ئۆتۆمبێل کەوتبوونە ناو چاڵەکانەوە. گۆرورئۆغڵو هێمای بۆ ئەوەشکرد تا چەندین رۆژ کەس بە هانایانەوە نەهات و وتی، "بۆ چەندین رۆژ نە دەوڵەت، نە ئافاد و نە هیچ کەسێکی دیکە نەهاتن. ئێمە لە ئۆتۆمبێلدا دەخەوتین".

گۆرورئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە زەویەکەی لەسەر هێڵی بومەلەرزە بووو وتی: "ئێمە کاهومان داچاندبوو. ئێستا ئیتر ناتوانین لەسەر زەویەکەمان هیج شتێک بچێنین. رەنجی ٤٠ ساڵەم بە رۆژێک لەناوچوو. بۆ دروستکردنی ئەم خانووە ٣٠ ساڵ کارمان کرد. دوای دوو هەفتە لە بومەلەرزەکە خێوەتێکمان دەست کەوت. هیچ شوێنێک نیە کە بۆی بچم. هەموو شتێکمان لێرەیە. بشمرین دەست لێرە هەڵناگرین. بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ئێرا ئاوەدان بکەینەوە پێویستیمان بە پارەیەکی زۆرە، بەتەنیا دەرەقەت نایەین. داوای هاوکاری لە دەوڵەت دەکەین".

هـ . ب