جارێکیتر لە بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵات و ئێران هاوڵاتیان رژانە شەقام

وەك پێشتر بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی سەرتاسەری کرابوو، لە بەشێك لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خۆپیشاندان و گردبوونەوە، بەڕێوەچوون، هاوکات گوشارەکانی دەسەڵاتیش بۆ سەر چالاکوانان تا دێت چڕتر دەکرێتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چالاكوانانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان داوایانكرد، ڕۆژانی ٣٠و ٣١ی كانونی دووەم و یەكی شوبات ناڕەزایەتی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت، لەو چوارچێوەیەشدا شەوی ڕابردوو لە چەند شارێكی ڕۆژهەڵات لەوانە سنە و بۆكان، گەنجان ڕژانە شەقامەكان و بە كردنەوەی ئاگر و پەكخستنی هاتووچۆ گردبوونەوەیان سازكرد و چەندین دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە.

لە چەند ناوچەیەکی وەک ئەکباتان و شەقامی بەهەشتی تارینیش بەهەمان شێوە گردبوونەوە و رێپێوانی شەوانە بەڕێوەچوون دژی دەسەڵات دروشم وترایەوە. لە شاری مەشهەدیش گەنجان لە رێگەی کردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقام ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەسيڵات نیشاندا.

هاوکات لە شارەکانی یەزد، كرمان و ئەسفەهانیش بە بۆنەی دایکردنەوەی جەژنی سەدە کە جەژنێکی کۆنی ئێرانییەکانە مەراسیم و گردبوونەوە سازکرا و تیایدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و چەندین دروشم دژی دەسەڵات وترانەوە.

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ دووشەممە جارێكی تر فەرمانبەران و خانەنشینانی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان، لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە پێناو زیادكردنی مووچەكانیان و گێڕانەوەی دەرماڵەكانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

هاوكات لەگەڵ بەردەوامی چالاكییەكان، فشارەكانی دەوڵەتیش بۆسەر چالاكوان و توێژە جیاجیاكان بەردەوامە و دوێنێ دەیان كەسی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركران، لەوانە دوو مامۆستای ئایینی بە ناوەكانی “ئیبراهیم كەریمی” و “لوقمان ئەمینی”، كە بە درێژایی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، پشتیوانیان لە خەڵك كردبوو.

لە زاهیدانیش مەولەوی عەبدولمەجید موراد زەهی، ڕاوێژكاری مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زەهی، كەسایەتی ئایینی سووننەكانی ئێران دەستگیركرا.

سەرباری چڕكردنەوەی ئەو فشارانە، بڕیارە ئەمڕۆ و سبەینێش ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام بێت.

ماوەی زیاتر لە چوار مانگە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردووە و سەرباری گوشار، هەڕەشە، گرتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیش بێ پسانەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن.

هـ . ب