دووەمین کۆنفرانسی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' بە پێشەنگایەتیی سەندیکاکانی بەریتانیا و ئەنجوومەنی گەلی کورد لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆتایی پێهات.
لە بەشی دوانیوەڕۆی کۆنفرانسەکەدا دوو کۆڕ بە ناونیشانەکانی "تیۆریی دروشمی ژنان، ژیان، ئازادی و جێبەجێکردنی" و "قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەریی دیموکراتیانەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەڕێوەچوو.
ئەکادیمیسیەن لیدا کایهلۆ و ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە لەندەن، لە دانیشتنی "ژن، ژیان، ئازادی"، کە پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئازادیی ژنانە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پارادیگمایە کرد. کایهلۆ سەرەتا یادی ناگەهان ئاکارسو، هەڤرین خەلەف، ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز، فیدان دۆغان و ئەمینە کارا کردەوە، کە هەموویان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆر و کۆمەڵکوژکراون.
کاهیلۆ ئاماژەی بەوەدا، هێڵی 'ئازادیی ژنان'-ی ئۆجالان بووەتە سەرچاوەی سوود وەرگرتن بۆ هەموو بزووتنەوەکانی ژنان لە سەرتاسەری جیهان و ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان سەلماندوێتێ، کە ژنان دەتوانن لە سەرتاسەری جیهان لە دەوری یەک کۆببنەوە و ببنە هێز. کایهلۆ ڕاشیگەیاند، ژنانی کورد لە دەوری بیر و ڕامانەکانی ئۆجالان ڕێپێوانی ئازادییان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کردە ڕاپەڕینێکی ئازادی.
سیڤان سەعید: دیموکراسی بە عەبدوڵا ئۆجالانەوە بوو بە سیستم
لە دانیشتنی 'کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک' دا دکتۆر سیڤان سەعید باسی لە سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک کرد و پڕۆسەی مێژوویی دیموکراسیی ڕوونکردەوە. سیڤان سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وشەی دیموکراسی لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە دروست نەکراوە، بەڵام بە ئۆجالانەوە بوووە خاوەن پارادایم و سیستمێک و وتی: ؛ئۆجالان کارێکی زۆر بێوێنەی کردووە. هەموو پێناسەکانی دیمۆکراسیی نوێ کردنەوە و کردنی بە تێزێک".
کۆربین: سیستم بەرامبەر بە کوردان دڵڕەقە
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا جێرمی کۆربین سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکاران و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا وتی: "کاتی ئەوە هاتووە فشاری سەدەی ڕابردوو لەسەر کورد بەبیر بهێنرێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە مافی کوردان، کە لە سەدەی ڕابردوودا پێیان نەدرا بەبیر بهێنرێتەوە. کورد لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە لە هەموو ئاست و ناوچەیەکدا گوشار و زۆرداریی خرایە سەر و چەوسێنرایەوە. بۆ ئەوەی بتوانن ناسنامە و زمانەکەیان بپارێزن بە پێداگریی و بڕیارداریەوە تێکۆشان. ئەوان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان تێکۆشان. ئەو تێکۆشانە بووە هۆی ئەوە هەزاران کورد لە عێراق و سوریا و چەندین وڵات دا گیان لە دەست بدەن. ڕێزێکی زۆر لەمێژوو و کەلتوور و ناسنامەی کورد دەگرم. من لە کاتی جۆراجۆرەکاندا سەردانی کوردستانم کردووە. تێدەگەم، کە خۆپاراستنی کوردان چەندە بە واتا و مانادارە. کورد هەمیشە بەپاراستنی مێژوو و زمانی خۆی ژیانی خۆی بنیاد دەنێت. تا ئێستا ژیانێکی ئاشتییانە بۆ کورد دابین و بەدی نەکراوە. ئەنجامەکانی بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریا ئەوەی سەلماند، کە سیستمێکی دڵڕەقانە لە دژی کورد هەیە. هەم لە تورکیا و هەم لە سوریا هاوکاری بۆ کورد ڕاگیراوە و ئەوەش نیشانی دەدات، کە بەرامبەر بە کورد چ جۆرە هەڵوێستیەکیان هەیە. هەتا لە دەستمان بێت دەبێت ئێمە یارمەتیی بەپەلە بکەین. ئەو تۆڕی پشتگیرییە، کە کورد لە ئەوروپا دروستیکردووە زۆر کاریگەریی لەسەر من دروست کرد".
'ئاشتی بە ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بەدی دێت'
کۆربین ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە قورسایی بخەنە سەر کارکردن بۆ ئاشتی درێژخایەن و وتی: "تا عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان بێت ئاشتی و چارەسەری بەدی نایەت. دەیان ساڵە لەژێر هێرش و گۆشەگیریدایە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەی تەندروستی و دۆخی ئەوەوە نییە. گۆشەگیرییەکی ڕەها و توند دەسەپێنرێت. ئەگەر ئێمە ئاشتیمان دەوێت، - کە ئاشتیمان دەوێت - ، ئەوا دەبێت گفتوگۆ و دانوستاندن بکەین. بۆ دانوستاندن و ئاشتی دەبێت نوێنەرانی گەل بەشدار بن. بە کۆتایهێنان بە زیندانیکردنی نیلسۆن ماندێلا پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد. هەموو شتێک بە ئازادی ماندێلا دەستی پێکرد. لە ساڵانی ١٩٨٠، کاتێک ویستم پرۆسەی دانوستان لەگەڵ (ئیرا) دەست پێ بکەم، ڕەخنەی زۆر قورسم لێ گیرا.
بەڵام دوای ١٥ ساڵ پرۆسەی ئاشتی زۆر بە خێرایی بەڕێوە چوو. ئاگربەست ڕاگەیەندرا. لە پێناو چارەسەریدا رێککەوتننامە بیلفاست واژۆکرا. بەم ڕێکەوتنە، کەش و هەوایەکی زۆر جیاواز لە ئیرلەندا درروستبوو. ئەمەش نیشانی دەدات، کە بە دڵنیاییەوە پێویستی بە پرۆسەیەکی ئاشتی هەیە. پێویستە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت، کە نوێنەرایەتیی گەلی کورد دەکەن. بۆ ئاشتی و دانوستاندن من پشتیوانی لە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم، چونکا ئەو دانوستاندنەی ئاشتی تەنها بەو دەکرێت".
کۆربین هەروەها سوپاسی گەلی کوردی کرد، کە لە بوومەلەرزەکەدا پشتیوانی لێقەوماوانیان کردووە و بە وتنی "بژی گەلی کورد" کۆتایی بە قسەکانی هێنا.
ژ.ت