کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیک بەڕێوەدەچێت

کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیک کە بە پێشەنگایەتی هەدەپە ئامادەکاری بۆکراوە، دەستی بە کارەکانی کرد.

کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیک لە لایەن هەدەپەوە بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر ئەوەی "کورد چیان دەوێت، تورکیا چۆن دەبێت" رێکخراوە، لە ئیستەنبوڵ دەستی بە کارەکانی کرد.

کۆنفڕانسەکە لە ناوەندی کولتوری جەم کاراجا لە ناوچەی باکرکۆی بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەکی زۆر نوسەر، رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، ئەکادیمی، رۆژنامەوان و ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە تیایدا بەشدارن. کۆنفڕانسەکە بە وتاری هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار دەستی پێکرد.

'ئامانجەکە کۆماری دیموکراتیکە'

میدحەت سانجار باسی لەوەکرد کە لە قۆناغێکی هەستیاردان و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا گیرۆدەی قەیرانێکی گەورەیە. سانجار باسی لەوەکرد کە بۆ ئەوەی چارەسەری بدۆزنەوە لە گەڵ یەک هەنگاو بنێن ئەم کۆنفڕانسەیان سازکردووە و لە سەدساڵی نوێی کۆماردا دیموکراسی و ئازادی دەستەبەر دەکەن و پەیجورییەکانیان لەو پێناوەدایە.

' ئەم کۆنفڕانسە سەرەتایەکی نوێیە'

لای خۆیەوە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپەش ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو کۆنفڕانسە سەرەتایەکی نوێیە بۆ ئێمە و ئەوەسی خستەڕوو کە لە کۆنفڕانسەکەدا کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت گفتوگۆ لە سەر شێواز و رێبازی کۆکردنەوەی کۆمار و دیموکراسی دەکەن و بیرکردنەوەکانیان لەو بارەوە هاوبەشی پێدەکەن. لە قۆناغی داهاتوو کۆنفڕانسەکانی کۆماری دیموکراتیک بە بەشداری فراوانتر و ئەنجامدانی دیدار درێژە پێدەدەین.

وتیشی: "وەک کۆمەڵگا و گەلانی تورکیا لە قەیرانی زۆر گەورەداین کە سیستمی تاکڕەو ئەو کێشانەی ناوەتەوە. هەژموونی تاکپەرستی هەوڵ دەدات ئەقڵیەتی بەوجۆرە ساز بکات کە هەموو کورد، عەلەوی، ئەرمەنی، ئایین، ناسنامە، کولتور، زمان، رەنگ، ژنان، گەنجان و رەنجدەران لە یەک داببڕێت و هۆکاری هەموو شکستە مێژوویی و سیاسییەکان تاکپەرستیە".

دوای وتارەکان پانێڵی یەکەمی کۆنفڕانسەکە بە ناونیشانی "کۆمار: لێپرسینەوەی سەدە" بەڕێوەچوو.

لەم بەشەدا ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین کە پۆستەکەی زەوت کراوە و لە بری ئەو قەیوم داندراوە بە هۆی نەخۆشیەوە ئامادەی هۆڵەکەنەبوو، لە رێگەی ئۆنلاینەوە قسەی کرد و لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە ئیمپراتۆری عوسمانی لەسەر تاکپەرستی دامەزراوە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "تورکبوون و تورکپەرستی لەو سەردەمەدا گەشەی پێدرا و بوو بە بابەتی سەرەکی. لە سەردەمێکدا کە ئیتحاد و تەرەقی ئاوێتەی لۆژیکی نەتەوە دەوڵەت بوو هاتە ئاراوە. ئەقڵیەتی نەتەوە دەوڵەت بووە هۆی ئەوەی کورد و هەروەها گەلانی نامسوڵمان و هەموو ئایین و ئایینزاکان واتە ملیۆنان کەس ئازار بچێژن. گەرچی لە کۆنگرەکانی سێواز و ئەرزرومدا بەڵێنی خۆبەڕێوەبەریشیان بە کورد دابێت، بەڵام دواتر مستەفا کەمان قۆناغێکی بەرێوەبرد کە ئیسلام بە بنەما دەگرێت و دوای دامەزراندنی کۆماریش جێگەی ئەوە بە تەواوەتی گۆڕدراوە. مستەفا کەمال لەو سەردەمەدا بە وتنی، 'وڵاتپەروەری واتا تورکبوون' ئەو پەیمانانەی پێشووی لەناو برد.

" دەبێت کێشە گرنگەکانی وڵاتەکە چارەسەر بکەین"

یەکێکیتر لە بەشدابووانی پانێڵەکە نوسەر موراد بەڵگە بوو کە لە قسەکانی ئاماژەی بەوەکرد کە لە پرسی دیموکراسیدا ئەنجامێکی باش لە مێژووی کۆماردا نەهاتووەتە ئاراوە و کۆمارێکی بێ دیموکراسی سەدەیەکی لە پاش خۆی جێهێشتووە. بەلگە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە توانا و نەرمەوزەی ئەوەیان هەیە کە دژە-دیموکراسی بگۆرن بۆ دیموکراسی و وتی: " بەرەو هەڵبژاردنێکی مێژوویی دەچین. بەمەش ئێمە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبین. ئەمە قۆناغێکی گرنگە. دەبێت گەورەترین کێشەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر بکەین. ئێمە باسی دیموکراسی دەکەین، بەڵام ئایا کورد تێیدا بەشدار نابن؟  بە دڵنیاییەوە قۆناغێکی دژوارە".

'کۆمار سەرمایەداری هەڵبژاردووە'

لە دوای ئەو رۆژنامەوان-نوسەر نەجمیە ئالپای قسەی کرد و وتی، کە کۆمار سەرمایەداری هەڵبژاردووە و سەرباری هەوڵەکانیش سەرمایەی تورکیا کەوتووەتە دەست ئیمپریاڵیزمەوە. ئاڵپای ئەوەسی خستەڕوو کە بۆ داهاتووی کۆمار لە سەدەی دووەمدا چەمکەکانی "توندوتیژی-تیرۆر" گرنگن و وتی، "بەم جۆرە دەردەکەوێت کە لە سەدساڵی دووەمیشدا ئەو چەمکانە بوونیان هەبێت".

رۆژنامەوان –نوسەر ئۆیا بایداریش پرسیاری ئەوەی کرد "کۆمارێکی سەد ساڵە بۆچی لەم دۆخەدایە؟" و وتی، "دەبێت مۆدێلێک کە گەلی کورد و گەلی تورک دامەزرێنەری بن بێتەئاراوە، نەتەوەکانی دیکەش گرنگن. ئەگەر کەس نەتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات و مافی نەتەوەکانی دیکە بەفەرمی نەناسرێت دەبێت ئێمە لەبارەی بیردۆزی کۆمارەوە قسە بکەین".

یاساناس رەزا تورمان لە پانێلەکەدا ئەوەی خستەڕوو کە لەم قۆناغەدا کە تورکیا پێی گەیشتووە بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیک گرنگە و بەم جۆرە دوا: " بەم تەمەنە ئێمە لە کۆمارێکی دیموکراتیکدا نەژیاوین. لە قۆناغێکی بەو جۆرەداین کە لەمەدوا دەتوانین شتێکی نوێ بونیاد بنێین. ئیتر بە تەواوەتی کاتی گفتوگۆکردنە لەسەر ئەوەی 'ئایا دەتوانین کۆمارێکی نوێی دیموکراتیک دابمەزرێنین؟' کۆمار لە ساڵانی ١٩٢٠دا ماوەتەوە. دەوڵەتپارێزی کۆڵەکەیەکە کە بەسەر هەموو بەڕێوەبەرییەکانی دەوڵەتدا زاڵە. خۆی دەوڵەت نەتەوەی خۆی دامەزراندووە".

"دەبێت ئەقڵیەت بگۆڕدرێت"

تورمان باسی لەوەشکرد کە یەک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی کۆماری تورکیا، هاوڵاتیبوونە و وتی، "ئەو هاوڵاتیبوونەوە و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی دیکەش لەبەر چاو نەگیراون و نەبینراون. کۆمەڵگایەک یەک دەست دامەزرا. مافی کولتوریش هەن و دەبێت ئەو ئەقڵیەتە بگۆڕدرێت".

'کورد دەیانەوێت لەم وڵاتەدا ببنە خاوەنی قسە'

سیاسەتمەدار سڕی سورەیا ئۆندەر یەکێکیتر لە بەشداربووانی پانێلەکەبوو کە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە کورد دەیانەوێت لەم وڵاتەدا ببنە خاوەنی قسە و قسەیان بۆ وتن هەیە. بۆ هاوبەشی کردن بە سەروەری، هیچ شتێک بوونی نییە کە مرۆڤ لێی بترسێت. ناوەکە بە دروستی دابنێین. گەلی کورد و دۆستانی سۆسیالیستمان، بۆ هەموو ئەو زانیاریانە قوربانی و باجی زۆریان داوە. ئەوەندەی بۆ ئێمە گرنگە بۆ کەسانی دیکە گرنگ نییە. ئێمە بە گیانی خۆمان لەوپێناوەدا باج و قوربانی دەدەین".

هـ . ب