کەنەکە: داوا دەکەین لە یادەکانی ١ی ئایاردا هاودەنگ و هاوسەنگەری گەریلا بن

دەستەى بەڕێوەبەریی (کەنەکە) بە بۆنەى نزیکبوونەوەى ١ی ئایار رۆژی جیهانیی کرێکاران و زەحمەتکێشان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد، لە هەموو گۆڕەپانەکانی یادی ١ی ئایاردا پشتیوانی لە هێزەکانی گەریلا بکرێت.

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى نزیکبوونەوەى ١ی ئایار رۆژی جیهانیی کرێکاران و زەحمەتکێشان راگەیاندراوێکی بە ناوی "1ی گوڵان رۆژی کرێکاران و رەنجدەرانی دنیا پیرۆزبێت" بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، "ئێمە داوا لە هەموو کوردستانیان دەکەین لە مەیدانەکانی یادی 1ی گولاندا، لەدژی ئەم هێرشانە دەنگ هەڵبڕن و لەگەڵ گەریلاکانی ئازادی هاودەنگ و هاوسەنگەر بن".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

1ی گوڵان رۆژی کرێکاران و رەنجدەرانی دنیا پیرۆزبێت

کرێکاران و رەنجدەران بە خەباتی خۆیان، بە بەرخۆدانی خۆیان، بە ئارەقەی ناوچەوان و بە رەنجی خۆیان 1ی گوڵانیان کردە رۆژی خۆیان. رۆژی "یەکێتی، تێکۆشان و هاوپشتیی". ئەم جەژنە ئێستا لە سەرانسەری دنیادا پیرۆز دەکرێت. با رۆژی یەکی گوڵان لە سەرجەم کرێکارو زەحمەتکێشانی دنیا پیرۆز بێت.

جەژنی 1ی گوڵان جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە. خەڵکی کوردستانیش سەدان ساڵە بۆ ئازادی و رزگاری و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن. ئەم تێکۆشانە خۆی رەنجێکی گەورەو بەهادارە. لەبەرئەوەی کوردستانیان کرێکار و رەنجدەری ئازادی و رزگارین. هەربۆیە خەڵکی کوردستان پێکەوە رۆژی یەکی ئایار " گوڵان" بە جەژنی خۆیان ئەزانن. با 1 گوڵان لەئەوان، لە گەریلاو پێشمەرگە، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادی کوردستان پیرۆزبێت.

جەژنی 1ی گوڵان لە کانە بەرد و خەڵوزەوە، لە سەردیواری باڵاخانەو خانووەکانەوە، لە کارگەو کێڵگەکانەوە، لە هەموو مەیدانەکانی کار و رەنجدانەوە، بە رەنج و تێکۆشانێکی زۆر هاتۆتە بەرهەم. یەکی گوڵان وەک جەژن ئەنجامی تێکۆشان و رەنجی بیرو بازووی مرۆڤایەتییە. رژێمە سەرکوتکەرەکان هەمیشە پیرۆزکردنی ئەم رۆژەیان یاساغ کردووە. هەزاران لەمپەرو بەربەستیان خستۆتە بەردەم کرێکار و رەنجدەران تا ئەم رۆژە وەک جەژن پیرۆز نەکەن. بەڵام خەڵک بێ سڵەمینەوە، بەردەوام بە تێکۆشان و رەنجی خۆیان ئەم رۆژەیان کردە حەقیقەت و ساڵانە پیرۆزی دەکەن. گەلی کوردیش لە دێر زەمانەوە 1ی گولانی وەک جەژنێکی خۆی قبوڵ کردووەو بە دڵگەرمی و جۆشوخرۆشەوە پیرۆزی دەکات.

ئەمساڵ خەڵکی کوردستان لە ژێر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی 1ی گوڵان پیرۆز دەکەن. بەتایبەتیش هێرشی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان. هەفتەیەک پێش ئێستا ئەو رژێمە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە هەرێمی مەتینا، وزاپ و ئاڤاشین، دەستپێکرد. ئێستا لەو ناوچانە شەڕێکی سەخت بەردەوامە. هێزەکانی پاراستنی گەل. هێزەکانی ئازادیی، گەریلاکانی کوردستان، بە قارەمانێتییەکی بێ هاوتا بەرخۆدان دەکەن و زەبری کوشندە لە دوژمنان دەدەن. ئەم هێرشانە هەر بە تەنیا دژی هێزەکانی پاراستنی گەل نین، بەڵکو هێرشە لەسەر هەموو دەستکەوتە کوردستانییەکان و ئامانجیش داگیرکردنی باشووری کوردستانە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان دژی ئەم هێرشانە بە هەڵوێست بن. ئێمە داوا لە هەموو کوردستانیان دەکەین لە مەیدانەکانی یادی 1ی گولاندا، لەدژی ئەم هێرشانە دەنگ هەڵبڕن و لەگەڵ گەریلاکانی ئازادی هاودەنگ و هاوسەنگەر بن.

خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاریی رەنج و زەحمەتکێشانی هەر مەزنە. پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان پێکەوە ئەم رۆژە پیرۆز بکەن. بە دەنگی بڵند داخوازییەکانی خۆیان لە ئازادی، ئاشتی، یەکسانی و دادپەروەریی بهێننە دەنگ. ئێمە دڵنیاین ئەمساڵێش خەڵکی کوردستان بە هەمان رۆحی تێکۆشان و بەرخۆدانی بەردەوام، بە دڵگەرمی و جۆشەوە وەک بەشێك لە ئەنجامی خەباتی کرێکار و زەحمەتکێشانی دنیا، رۆژی 1ی گوڵان پیرۆز دەکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان 1ی گولان، رۆژی کرێکار و رەنجدەران، لە خەڵکی کوردستان و تەواوی خەڵکی جیهان پیرۆز دەکات.

ژ.ت