لە دانیشتنی مافەکانی مرۆڤدا داواکرا شاندێک ڕەوانەی ئیمراڵی بکرێت

نوێنەری مراپ، جیانفراسۆ فاتۆرینی لە دانیشتنی ٥٦هەمینی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکاندا مافی قسەکردنی وەرگرت و سەرنجی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و دانانی قەیوم لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە. هەروەها داوایکرد نەتەوەیەکگرتووەکان شاندێک ڕەوانەی ئیمراڵی بکات.

دانیشتنی ٥٦هەمینی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئۆفیسی جنێف بەردەوامە. ئەم دانیشتنە لە ١٨ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و ١٢ی تەموز دەخایەنێت. لە دانیشتنەکەدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتانەی تێیدا ڕوودەدات، گفتوگۆی لەسەرکرا. لە دانیشتنەکەدا نوێنەری دۆستایەی نێوان گەلان لە دژی ڕەگەزپەرستی (مراپ)ی نەتەوەیەکگرتووەکان جیانفراسۆ فاتۆرینی سەرەنجی خستە سەر گۆشەگیری سەر ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دانانی قەیوم کە دەوڵەتی تورک خواستێتی لە شارەکانی باکووری کوردستاندا بیسەپێنیت.

'بە شێوەیەکی سیستەماتیک مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت'

لە دانیشتنەکەدا کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ڤۆلکەر تورک ئامادەبوو.

جیانفراسۆ فاتۆرینی لە دانیشتەنەکەدا سەرەنجی خستەسەر گوشارەکانی دەوڵەت کە لە شارەکانی کوردستان و توکیادا لە بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت و ئەمەی وت: "لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا گوشارەکانی دەوڵەت بەردەوامە و مافە بنەڕەتییەکان و ئازادی کەسەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێشێلدەکرێن، لەبەرامبەر ئەمەدا زۆر نیگەرانین."

'سەرۆک شارەوانییەکان بەشێوەیەکی خۆویستانە لە پۆستەکانین دووردەخرێنەوە'

جیانفراسۆ فاتۆرینی کۆمەڵکوژییەکانی سەردەمی بەرخۆدانی بەڕێوەبەری خۆسەر و کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی لەو قۆناغەدا باسکردەوە و وتی: "ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٧یدا ئامەژەی بەوەکردووە زۆر نیگەرانن لە دۆخی گەلان لە باکووری کوردستان. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە دیاریکراوە کاربەدەستانی کورد کە بەشێوەی دیموکراتیکی هەڵبژێردراون، لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە و بۆ دورخستنەوەشیان یاساگەلێکی لەشێوەی یاسای تێکۆشان لە دژی تیرۆر بەکاردەهێنرێت، هەروەها میدیا کوردی و سەربەخۆکان و گرووپە مەدەنییەکان دەستبەسەردەکرێن.

لە پێش و پاشی هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ی پەرلەمانی تورکیا و هەڵبژاردنی ئاداری ٢٠٢٤ی  شارەوانییەکان چەندین کەس دەستگیرکراوەن. دیسانەوە سەرۆک شارەوانییەکان کە بەشێوەیەکی دیموکراتیکی هەڵبژێردراون دەستگیر دەکرێن و لە ئەرکەکانیان دووردەخرێنەوە.

'شاندێک ڕەوانەی ئیمراڵی بکرێت'

جیانفراسۆ فاتۆرینی سەرەنجی خستە سەر بارودۆخی گۆشەگیری کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە و ئەمەی دەڕبڕی: "ماوەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالانەوە وەرناگیرێت کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدا زیندانی کراوە. لەم ٣ ساڵەی کۆتاییدا بەهیچ شێوەیەک نەیتوانیوە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیدا بکات. بانگەوازی لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە شاندێک ڕەوانی گرتووخانەی ئیمراڵی بکات، بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە بکات لە ڕووداوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و ئەو بارودۆخەی کە عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە."