بە دیمەن

لە فرانکفۆرت شەوی پشتیوانی بۆ یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا ئەنجامدرا

نوێنەری چاپەمەنی ئازادی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا کە دەیان ساڵە لە تاراوگە بڵاودەبێتەوە، ساڵیادی خۆی بە ئاهەنگێک پیرۆز کرد.

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بەبۆنەی شەوی پشتیوانی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا ئاهەنگێک ئەنجامدرا. پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، ڕۆژنامەنووس گوڵستان ئیکە چالاکییەکەی بەڕێوەبرد و هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلچگون ئوچار وەک قسەکەر و هونەرمەندان بەسەر شاهین و چار نەوا و ئەردەم پەنجەرجی بەشداربوون.

لەسەر ناوی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا ڕۆژنامەنووس مۆردەم عەلیشەر ئۆزگور قسەی کرد.

پاشان هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلچگون ئوچار ڕایگەیاند خەباتکارانی ئەم ڕۆژنامەیە سەرباری ناڕەحەتی و زەحمەتییەکان ساڵانێکە ڕاستی دەگەیەنن و ئێمەش خاوەنداریان لێ دەکەین.

چیدەم کلیچگون ئوچار تیشکی خستەسەر هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و گوتی: "ئیدی فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو جیهان تاوتوێ دەکرێت. ئەمڕۆ گرنگترین شت ئەوەیە، لەدەوری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان یەکبگرین و کە خاوەنی فیکر و گوتارە دەربارەی ڕەوشی خراپی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەگەر فیکری ئەو لە ژیاندا پیادە بکرێت، ئێستە لە ڕەوشێکی تر دەبووین و باسی شتێکی ترمان دەکرد".

ئوچار دەربارەی مژاری "پرۆسەی نوێ" قسەی کرد، گوتی: "با کەس ڕێگە بە گەلی کورد و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشان نەدات، ئێمە ئاشتییەکی بەشکۆمان دەوێت، ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیک و پێکەوەژیانمان دەوێت. ئەو دانوستانەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانی تێدا نەبێت، ناگاتە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی".

ئوچار تیشکی خستەسەر گرنگی چاپەمەنی ئازاد و ڕایگەیاند بۆ بەردەوامیدان بەم نەریتە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت.

چالاکییەکە بە ڕێزلێنان لە چەند ناوێکی سیمبولیکی چاپەمەنی ئازاد لە تاراوگە و گۆرانی هونەرمەندان بەردەوام بوو.