عەلی بایگۆرەن تەمەن ١٧ ساڵان کاتێک ماڵەکەی لە ناوچەی تۆتنهام لە باکوری لەندەن رۆیشتووەتە دەرەوە بە چەقۆ کوژرا.
بەپێی زانیارییەکان دوو کەس لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، کە پەیوەندییان بە کوژرانی عەلی بایگۆرەنەوە هەبووە.
لە ناوچەی باکوری لەندەن ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری کورد و تورک هەیە و لەم دواییانەدا چەندین ڕووداوی کوشتن لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجام دراوە.
ڕێگری لەو کوشتنانە نەکرا، بۆیە کوشتنی عەلی بایگۆرەن بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتیی زۆر لە ناو هاووڵاتییان و کوردستانیاندا.
لە دوای ڕووداوەکە سەدان کەس لەگەڵ ئەندامانی فیدراسیۆنی عەلەوییەکانی بەریتانیا، جەمخانە، ئەنجوومەنی گەلی کورد، گیک دەر / Gîk-Der و کۆمەڵە خۆجییەکان لە بەردەم یاریگای تۆتنهام کۆبوونەوە و بەیاننامەیەکیان خوێندنەوە.
ئیسرافیل ئەربلی سەرۆکی پێشووی باف (BAF) ڕایگەیاند، پێویستە لە دژی چەتەکان یەکبگرن و ڕاشیگەیاند، لە جیاتی ئەوەی چاوەڕێ لە پۆلیس و دەوڵەت بکەین خۆمان دەتوانین ڕێگری لەو چەتانە بکەین.
دوای ڕووداوەکەش رێپێوانێک بەرەو بنکەی پۆلیسی تۆتنهام ڕێکخرا.
جەماوەریش بە چەپڵە لێدان خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی " لە دژی چەتەکان یەکبگرن"، "بەسە بۆ کوشتن لەلایەن چەتەکان"ەوە دەوتەوە.
ئیبراهیم ئاڤجیل وتەبێژی گیک دێر بە ناوی جەماوەری گەلەوە لە بەردەم بنکەکەدا قسەیکرد و ڕایگەیاند، پۆلیسی بەریتانیا هیچ کارێکی جدی و کاریگەریی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی کوشتن لەلایەن چەتەکان، بەتایبەتی لە ناوچە کۆچبەرەکان ئەنجام نادات.
ئاڤجیل ڕاشیگەیاند، چەندین جار پۆلیسیان لە بارەی چەتەکانەوە ئاگادارکردووەتەوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و وتی: "بەڵام پۆلیس گوێی لە داواکانمان نەگرت، بۆیە ئەمڕۆ بکوژی عەلی، پۆلیس و دەوڵەتە. دەوڵەتێک لە دژی چەتەکان ڕێوشوێن نەگرێتە بەر بکوژی عەلی-یە. ڕۆڵەکانمان هیچ پەیوەندیەکیان بە چەتەکانەوە نییە لەلایەن چەتەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەبنە قوربانی. کاتی ئەوە هاتووە لە دژی ئەو چەتانە یەکبگرین و ڕاپەڕین. ئێمە بە خەمساردییەوە لەم کێشەیە نزیک نابینەوە. ئەگەر پۆلیس ڕێوشوێن نەگرێتە بەر، ئەوا ئیدی ئێمە ڕێوشوێنی خۆپاراستنی خۆمان دەگرینە بەر".
ئاڤجیل ئەوەشی ڕاگەیاند، وەک یەکێتیی هێزە دیموکراتییەکان بەرهەڵستی چەتەکان دەکەن و داوای لە هەمووان کرد بەشداری ئەو چالاکییانە لە دژی چەتەکان بکەن.
ژ.ت