لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەرخودان و هێرش بەردەوامن

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرخودانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بەردەوامن.

سەرهەڵدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، لە رۆژی ١٣١ەمیندا بەردەوامە. دەوڵەتی ئێران لە رۆژی یەکەمەوە هەموو هەوڵەکانی خستەکار بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ناڕەزایەتییانە بهێنێت.

کەشی سەربازی و هەڵمەتەکانی هەڵکوتانە سەر ماڵان، دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوان و سەپاندنی سزای قورس بە سەریاندا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.

 دوێنێ تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکی کردەوە کە دەسەڵاتی دادی ئێران سزای سزای ١٧ ساڵ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەر سەیفوڵا حسێنی پێسنوێژی مزگەوتی خاتەم ئەنبیای شاری جوانڕۆدا سەپاندووە.

ئەو مامۆستا ئایینیە تۆمەتبار کراوە بە هەوڵدان دژی ئاسایسی نیشتمانی ئێران، پڕۆپاگەندە دژی دەسەڵات، تێکدانی ئاسایشی گشتی، هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی و سوکایەتی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و رابەری ئایینی وڵاتەکە.

لەکاردانەوەیەکیشدا بەرامبەر بە گرتنی و سەپاندنی سزای قورس بە سەر هاووڵاتیان و چالاکوانان دوێنێ مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زهی کەسایەتی ئایینی سوننەکان و پێشنوێژی مزگەوتی مەککی زاهیدان لە تویتێکدا رایگەیاند: "چڕکردنەوەی کەشی ئەمنیو گرتنی هاوڵاتیان و زانایان جگە لە بەرفراوانتربوونی ناڕەزایەتیەکان هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت".

هەر دوێنێ لە شاری کەرەج ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو زیندانیانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە بەردەم زیندانی قزل حیساری شارەکە کۆبوونەوە و داوای راگرتنی جێبەجێ کردنی سزای ئەو زیندانیانەیان دەکرد، بەڵام هێزەکانی دەوڵەت هێرشیان کردنە سەر و بە زۆر هەوڵی بڵاوەپێکردنی ئەو بنەماڵانەیان دا.

شەوی رابردووش لە چەند شوێنێکی تاران هاوڵاتیان لەسەر بان و باڵکۆنی ماڵەکانیانەوە بەردەوام بوون لە وتنەوەی دروشم دژی دەسەڵات.

تائێستا لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای بوونی کەشێکی داخراوی سەربازی و ئەمنی هاوڵاتیان و چالاکوانان هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەکاردەهێنن بەتایبەتی نوسین و هەڵواسینی دروشم لە شەقام و کۆڵان و شوێنە گشتییەکان.

لە درێژەی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش بەرامبەر گوشارەکانی دەسەڵاتی ئێران دوێنێ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان لە راگەیەندراوێکدا داوای ئازادکردنی ٣٣ رۆژنامەنووسی کرد کە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و تائێستاش لە زینداندان. فیدراسیۆنەکە داوای کردووە کە دەوڵەتی ئێران کۆتایی بە گوشارەکانی سەر رۆژنامەنوسان بهێنێت و رێگە بۆ سوڕی ئازادانەی زانیاری و کاری رۆژنامەگەری بکاتەوە.

هـ .ب