لە ئێران ٥٥ کەس لەسێدارەدراون و ١٠٧ کەسیش مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، کە لەماوەی ٢٦ رۆژدا ٥٥ کەس لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە سێدارەدراون، سزای لەسێدارەدانیش بە سەر ١٠٧ کەسدا سەپێندراوە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، کە لەماوەی ٢٦ رۆژدا ٥٥ کەس لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە سێدارەدراون، سزای لەسێدارەدانیش بە سەر ١٠٧ کەسدا سەپێندراوە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە بارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و ئەوانەی لەسێدارەدراون راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە رایگەیاند، کە ئەوان ناسنامەی ٤٨٨ کەس کە ٦٤ کەسیان منداڵن بۆ یەکلایی بووەتەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. هەروەها سزای لەسێدارەدان بەسەر ١٠٧ کەسدا سەپێندراوە.
٤٨٨ کەس لە کوژراوەکان ناسنامەیان پشتڕاست کراوەتەوە
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیساندانەکانەوە لانیكەم ٤٨٨ كەس لە ئەنجامی توندوتیژی هێزەکانی سەر بە دەسەڵات گیانیان بەختكردووە، و توانیویانە ناسنامەی ئەو کەسانە پشتڕاست بکەنەوە كە ٦٤ كەسیان منداڵن.
١٠٧ کەس مەترسی جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە
هاوكات بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكە، تائێستا ناسنامەی ١٠٧ كەسیان بۆ یەكلایی بووەتەوە، كە بە هۆی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانەوە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٥ کەس لەسێدارەدراون
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، لەماوەی ٢٦ی ڕۆژی سەرەتای ئەمساڵدا، لانیكەم ٥٥ كەس لەلایەن دەسەڵاتی دادی ئێران لەسێدارە دراون، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئامانجی سەرەکی لەسێدارەدانەکان ترساندنی هاووڵاتیانە.
بێدەنگی ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان زیاتر دەکات
مهحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە، لە نەبوونی كاردانەوەی میدیاكان، هاوڵاتیان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانەی، که سیاسی نین، ئاستی هەستیاری بەرامبەر بە جێبهجێکردنی ئهو سزا نامرۆڤانەیە كەمدەبێتهوه، ئەوەش لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە و كارئاسانی بۆ لەسێدارەدانی خوپێشاندەران دهکات و پێویستە هاوڵاتیان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هەموو جۆرەكانی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان هەڵوێستیان هەبێت.
هـ . ب