لەئێران سەرباری گوشارەکان، بەرخودان درێژەی هەیە

چالاکییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سەرباری بەردەوامی هێرش و گوشارەکانی دەوڵەت بەردەوامن.

بە درێژایی چوارمانگی رابردوو لەگەڵ دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی توێژ و بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی کرێکاران پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییەکان و نیگەرانی و توڕەیی خۆیان لەبارەی باری گوزەران و هەلومەرجی کارکردنیان بە شێوەی جیاجیا دەربڕیوە.

دوێنێ لە کێڵگە و پاڵاوگەکانی غازی دێهلۆران و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کرێکاران دەستیان لە کارکردن کێشایەوە و لە رێگەی ئەنجامدانی گردبوونەوەوە ناڕەزایەتییان بەرمابەر بە مووچە و دەرماڵە و هەلومەرجی کارکردن دەربری.

هاوکات لە پاڵاوگەکانی نەوت و کێڵگەکانی غاز لە پارێزگاکانی خوزستان، فارس،  بوشەهر و بەندرعەباس بۆ هەمان مەبەست مانیان گرت و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

لە راگەیەندراوی هاوبەشی کرێکارانی کەرتی نەوتی سەرتاسەری ئێراندا هاتووە، تا بەدەستهێنانی مافەکانیان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

هەردوێنێ لە ناوچەی هەفت حەوزی تاران رێپێوان و چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، تیایدا هاووڵاتیان دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشانداران و هێزەکانی دەوڵەت روویدا.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان هەڵمەتەکانی گرتنی چالاکوانان و سەپاندنی سزا بە سەر خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانیش بەردەوامە ، هەر دوێنێ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی هەینی خوێناوی زاهیدان بە ناوی مەنسور هۆرموزی پاش ١٠٨ رۆژ مانەوە لە حاڵەتی کۆمادا و لە ئەنجامی سەختنی برینەکانی لە نەخۆشخانەی خاتەمی ئەو شارە گیانی لەدەستدا.

داواکراوە ژنێکی خۆڕاگر لەسێدارە بدرێت

پارێزەری موژگان كەشاوەرز، ژنە چالاكوانی مافی ژنان لە ئێران، لەبارەی مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر موەكیلەكەی هۆشداری دەدات و دەڵێت: لە دۆسیەیەكی نوێدا بە “بڵاوكردنەوەی ناپاكی لەسەر زەوی” تۆمەتبار كراوە.

دوێنێ محەمەد موقیمی، پارێزەری موژگان كەشاوەرز، چالاكوانی مافی ژنان ڕایگەیاند، گیانی موەكیلەكەی لە مەترسیدایە و ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت.

ئەو پارێزەرە وتیشی: موژگان كەشاوەرز، كە چالاكوانی مافی ژنانە و یەكێكە لە ناڕازییان بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ، پێشتر سزای ٢٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، پاشان بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ئازاد كرا، بەڵام ئێستا بەكردنەوەی دۆسییەكی نوێ لەدژی و تۆمەتبارکردنی بە “بڵاوكردنەوەی ناپاكی لەسەر زەوی”، ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدان بەسەریدا بسەپێندرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر ساڵی ٢٠١٩، موژگان كەشاوەرز، لەگەڵ دوو چالاكوانی مەدەنی تر بە “پڕۆپاگەندە دژی سیستەم”، “كۆبوونەوەی و هەماهەنگی، بە ئامانجی هەنگاو نان دژی ئاسایشی نیشتمانی”، “هاندان و بڵاوكردنەوەی ناپاكی و بانگەشە دژی حیجابی زۆرەملێ” تۆمەتبار كرابوو.

سەرهەڵدانی گەل لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێکردووە پێیناوەتە مانگی پێنجەمەوە. تائێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون. بە هەزاران کەسیش دەستگیرکر وزیندانی کراون. زیندانەکانی ئێران وەک شەقامەکان بوونەوە گۆڕەپانی بەرخودان و ئەسکەنجە، دەسدرێژی و کردەوەی نەشیاو بەرامبەر بە دەستگیرکراوان ئەنجام دەدرێت. سەرباری ئەوەی بە هۆی کاردانەوەکان هەندێک لە دەستگیرکراوان ئازاد کراون، بەڵام تائێستاش بە پاساوی جیاجیا سەپاندنی سزای لە دێدارەدان بەردەوامە.

دەرهێنەری دۆکیومێنتاری سزای زیندان و قامچی بەسەردا سەپێندرا

دادگای شۆڕشی سەر بە دەسەڵاتی ئێران، موژگان ئیلانلو، ژنە دەرهێنەر فیلمی دۆكیۆمێنتاری (بەڵگەنامەیی) و چالاكوانی مەدەنی بە ١٠ ساڵ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی و پێبژاردنی ٨٠ ملیۆن تمەن سزا دا.

دادگای شۆڕشی ئێران، بە تۆمەتەكانی “گردبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی وڵات”، “پڕوپاگەندە دژی سیستەم” و “نانەوەی پشێوی لە سیستمی گشتی” ئەو سزایانەی بەسەر موژگان ئیلانلو دا سەپاندووە.

٦ ساڵ سزای زیندان بەسەر ئەندامی سەندیکای مامۆستایاندا سەپێندرا

ئەندامی سەندیکای مامۆستایانی ئێران سارا سیاهپوریش سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بۆ ماوەی دوو ساڵیش گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەی لێقەدەغەکراوە، ناشتوانێت ببێتە ئەندامی هیج پارتێک و بۆسی نییە ئینتەرنێت بەکاربهێنێت.

هـ . ب