ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیا ١٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ لە دانیشتنێکی تایبەتدا فەرمانی ٢٠١٤ی لە شەنگال وەک جینۆسایدی ئێزدییەکان بە فەرمی ناسی.
یەک لە بەشداربووانی دانیشتنە تایبەتەکەی پەرلەمان میری ئێزدییەکان میر تەحسین حازم بەگ بوو.
میر تەحسین بەگ لەبارەی بڕیارەکەوە قسەی بۆ چرا تی ڤی کرد و وتی، "ئەمرۆ زۆر دڵمان خۆش بوو. رۆژێکی مێژوویی بوو بۆ ئێمە. ئەمڕۆ بریاریاندا کە کارەساتی ئێزدییەکان وەک جینۆساید پێناسە بکەن. هەموو پارتەکانی ئەڵمانیا قەبوڵیان کرد. زۆر باشە، بۆ ئێمە. ٢٠ مادە لەناو بڕیارەکەدان. بەڵام ئێمە دژی ماددەی حەوتەم وەستاینەوە".
میر تەحسین حازم بەگ بە بیریهێنایەوە کە تائێستا زیاتر لە ١٠ دەوڵەت قڕکردنی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە و وتی، "ئەڵمانیاش قەبوڵی کرد. بووە ١٣ دەوڵەت. لە بڕیارەکەیاندا زۆر شتی باشیان کرد. کۆبوونەوەمان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد. وتیان لە ئێستا بەدواوە ئێوە لەسەر ئەو رووداوانە کار بکەن. ئینشائەڵا کێشەکانی شەنگال و ئێزدییەکان چارەسەر دەبن".
هـ . ب