'ناوچەکە لە ژێر مەترسییەکی گەورەی کۆچبەربووندایە'

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە خەڵکێکی زۆر لە شارە بومەلەرزەلێدراوەکان کۆچ بکەن و ڕاشیانگەیاند، ئەوەش دیمۆگرافیای ناوچەکە بە شێوەیەکی جدی دەگۆڕێت.

دوای بوومەلەرزەکە، کە ناوەندەکەی مەرەش و هاتای بوون، کێشە سەرەکیەکان بەردەوامن و پەناگا و هاوکاری نییە. لە ناوچانەی بومەلەرزە تیاندا ڕوویداوە، خەڵکێکی زۆر کۆچ دەکەن. عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری ڕحای هەدەپە ڕایگەیاند، پێویستە خەڵک هان بدرێن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لێرە بمێننەوە و خۆیان بگرن.

'خەڵک نایەوێت بچنە ناو کابینەکان'

عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا، هێشتا لە ئەلبیستان، کە ناوچەیەکی مەرەشە و گوندەکانی ناوچەکە کەموکوڕیی زۆر و بێ خزمەتگوزاری هەیە و وتی، "ماوەی پێنج ڕۆژ لە پازارجخ و ئەلبیستان ماومەوە. ئەو ناوچانە، کە من سەردانم کردن و تیاندا مامەوە،  خەڵکێکی زۆر کۆچیان کردبوو. ناوەند زۆر کاول و خراپ ببوو. هێشتا داروپەردوەکان لەسەر زەوین و کۆنەکراونەتەوە. لە ئەلبیستان کەمپەین و هەڵمەتەکانمان و کاری خۆبەخشەکانی حیزبەکەمان و سەندیکاکانی وەک کەسک بەردەوامن، بەڵام هێشتا پێویستییەکی زۆر بە چادر هەیە.

ئێمە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ چووین بۆ گوندە شاخاوییەکانی ئەلبستان، بەڵام بەداخەوە پێداویستییەکانیان بۆ دابین نەکرابوو. لە هەندێک  گوند دا یارمەتییەکی زۆر هەبوو، بەڵام لە هەندێک گوندی تردا هیچ هاوکارییەک نەبوو. بە تایبەتی لە ناوچەی ئەلبیستان، کە کوردانی عەلەوی تێیدایە ئەوەمان بینی، کە لە دابیننەکردنی پێداویستیەکان دا کەم و کورتییەکی زۆر هەبوو. ئەوەندەی توانیومان هەوڵماندا پێداویستیەکانی ئەو گوندانە بە ئۆتۆمبێلەکانمان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەگەڵماندا بوون دابین بکەین، بەڵام دابینکردنی پێداویستی بابەتێکی درێژخایە و بەردەوامە. لە کوردستانەوە بۆ شارە گەورەکانی تورکیا، هەر کەسێک هەر چییەکی لە دەست هات کردی، بەڵام هێشتا کەموکوڕییەکی زۆر لە پلان و بەرنامەی دەوڵەت بۆ دابینکردنی پێداویستەکان هەیە. هێشتا هەندێک گوند لە ناوچەکەدا هەیە، کە تا ئێستا ئافاد و دەزگا پەیوەندیدارەکان نەڕۆیشتوونەتە ئەو گوندانە و هاوکارییان بۆ نەبردوون. لە ئەلبیستان کێشەی ناشتنی تەرمەکان، نەگەیاندنی یارمەتی، دابیننەکردنی چادر و پەناگە و ئامێردی خۆ گەرمکردنەوە بەردەوامە. لە شار و شارۆچکە و ناوچەکانی باکوور کێشەی زۆر زیاتر لە گۆڕێدان. چونکە سەرما و سۆڵە و سەهۆڵبەندان هەیە.  هەندێکجار چوار بەتانیش بۆ ئەو سەرمایە بەس نییە. لەبەر ئەوە، ژمارەی ئەو بەتانیانەی بۆ ناوچەکە دەنێردرێن دەبێت بەپێی زستانی ئەو ناوچانە بێت.

بابەتێکی تریش هەیە، ئێمە لەگەڵ خێزانێک کۆبووینەوە و پێێان ڕاگەیاندین، ئەگەر کەسێک، یان بنەماڵەیەک بچێتە ناو کابینەکانەوە، هاوکارییەک، کە بۆ کرێ دەدرێت لەو خێزانە دەبڕدرێت، بەڵام ئەردۆغان وتبوی، لەشارەکاندا کابینە دروست دەکەن و دەیاندەن بەوانە، کە کرێچی بن یان نەبن، هاوکاریی پێدراێت، یان پێیان نەدرابێت، هاوکاری دەکرێن، بەڵام ئەوە وا نییە.

دەبووم لەم مانگەدا پێنج هەزار لیرەی تورکی (تەلە)یان بدایە بە خاوەن ماڵەکان و دوو هەزار لیرەشیان بدایە بەو کەسان کرێچین، کە بە ناچار ماڵەکانیان بە جێهێشتووە، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوە ئەم پارەیە دەبڕدرێت، کەس نایەوێت بچێتە ناو کابینەکانەوە".

ئێمە داواش لە دیاسپۆرا دەکەین

بابەتێکی تر، کە ئۆجالان باسیکرد، بابەتی ئەوەیە، کە خەڵکێکی زۆر لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان کۆچ دەکەن. ئۆجالان وتی، ڕنگە دەوڵەت هانی خەڵک بدات بۆ دووبارە نیشتەجێبوونەوەی خەڵک لێرە، ئەگەر ڕێگری لە کۆچکردن نەکرێت، ئەوا دیمۆگرافیای ناوچەکە بە شێوەیەکی بەجدی دەگۆڕدرێت و لە بەردەوامیی قسەکاندا وتیشی: "ڕەنگە دیمۆگرافیای مەلەتی، سەمسور، ئەلبیستان،  مەرەش، ئیسلاحییە، نورداغ، هاتای و ئەنتاکیا بگۆڕدرێت. چونکە لەسەر ئەم هێڵەا هەم کوردی عەلەوی و هەم عەلەوی عەرەب هەیە. ژمارەیەکیش مەسیحی هەیە. بەهۆی ڕوودازەکانی مەرەش و کۆمەڵکوژکردن و کوشتارەکانی کوردانی عەلەوی، هەزاران کەس ناچاربوون لە ناوچەکە کۆچ بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئەوروپا بکەن. لەو کاتەدا پاسپۆرت بەسەر خەڵکدا دابەش دەکران. ئێستاش وەک هاووڵاتییەک پێیڕاگەیاندین، لە نێو دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا تەنیا بەڕێوەبەرایەتیی دانیشتوان و ناسنامەی باری کەسێتی کار دەکەن و زۆر کەس پاسپۆرت وەردەگرن. پێویستە مرۆڤ ڕێگری لەوە بکات. دەبێت مرۆڤ هەوڵ بۆ مانەوەی خەڵک لە شوێنی خۆیان بدات.

بۆ ئەوە پێویستە مرۆڤ داوا لە کوردانی دیاسپۆرا و ئەوانەی ئەوروپا دەژین بکات، لە بری ئەوەی کار بۆ ڕاکێشانی خزمەکانیان بکەن بۆ ئەوروپا، دەتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی لێرە بمێننەوە. دەتوانن لێرە دەرفەتی ژیان و مانەوەیان بۆ دروست بکەن و ئێرە ئاوەدان بکەنەوە. ئەگەرنا بە چۆڵبوونی ئێرە لە مرۆڤ گۆڕانکارییەکی گەورەی دیموگرافی ڕوودەدات. تەنانەت وادیارە  لە ڕووی ژێرخانی بیناسازی و ئابووریشەوە ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکرێت، چونکا حکومەت و دەوڵەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خەڵک هاندەدەن، کە لە ناوچەکە بڕۆن و بۆ ئەوەش ئاسانکاری دەکەن و رێگای ڕۆیشتنیان بۆ دەکەنەوە.

پێشبینی من ئەوەیە، کە ئەم شارانە لە خەڵک چۆڵ دەکەن، چونکە ئەو شوێنانەی ئێمە بۆی ڕۆیشتن و سەردانمان کردن هیچ کەسێکی تیادا نەمابوو. ئەوانەشی مابوونەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون، کە چۆن بڕۆن. ئەگەری ئەوەش هەیە مرۆڤ بکەوێتە دەستی قاچاخچییەکانی مرۆڤ".

'کار و ئەرک دەکەوێتە سەر شانی کۆمەڵگا، دیموکراتەکان و چەپەکانیش'

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، لە دروستکردنی خانوو تەنها بەرپرسیاریی ناکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت، بەڵکو بەرپرسیاریش دەکەوێتە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ئەم خانووانە چۆن دروست کراون؟ مرۆڤ سەری لێیان سوڕ دەمێنێت. بیناکانی وەک کاغەز بەسەر یەکدا کەوتبوو. بە دڵنیاییەوە دەبێت لە ئێستاوە مرۆڤ ڕێگری لە ڕانتخۆری لەکاروباری دووبارە دروستکردنەوەی بیناکاندا بکات. بێگومان لەم بوارەدا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی شارەوانییەکان و وەزارەتی ژینگە و شارەوانی، بەڵام لەوان زیاتر، دەبێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئۆپۆزسیۆن، دیموکراتەکان، ئەکادیمیەکان و چەپەکانیش بە کار و ئەرکی خۆیان لەو بوارەدا هستن".

ژ.ت