پارێزەران بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد داواکارییان پێشکەش کرد

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بەمەبەستی دیدار لەگەڵ ریبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییان پێشکەش کرد.

لەپارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە ئیبراهیم بیلمەز، نەورۆز ئویسال، مەزڵوم دینچ و جەنگیز یورکەلی بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی باڵای ئیمراڵی لە هەلومەرجی قورسی گۆشەگیریدا زیندانییە و زیاتر لە ٢١ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت، سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵیان کرد.

پارێزەران بۆ دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەفتەی دووجار سەرلێدان ئەنجام دەدەن، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنی یان نەرێنی بە سەرلێدان و داواکارییەکانیان نادرێتەوە.

قەدەغەی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٨ی تشرینی یەکەم کۆتاییهاتووە. سەرباری ئەوەش هیچ وەڵامێک بە داواکاری بنەماڵەکان کە ئاراستەی داواکاری گشتی کۆماری بورسایان کردووە، نەدراوەتەوە.

لە پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رەزان ساریجا و نەورۆز ئویساڵ دوای ٨ ساڵ دوایینجار لە ٢-٢٢ی ئایار، ١٢-١٨ی حوزەیران و ٧ی ئابی ٢٠١٩ دیداریان لەگەڵ موەکیلەکەیان ئەنجامدابوو. لەو کاتەوە تائێستا پارێزەران نەیانتوانیوە چاویان بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت.

هـ . ب