پارێزەرێكی ئیتاڵی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان: پێویستە مرۆڤایەتی ئەو مرۆڤە بەنرخە بپارێزێت

ماریۆ ئانجێلیلی، پارێزەری ئیتاڵی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، پیلانگێڕیی لە دژی ئۆجالان لاپەرەیەكی ڕەشە، دەشڵێت: پێویستە مرۆڤایەتی ئەو مرۆڤە بەنرخە بپارێزێت، ئۆجالان كلیلی گەلانە بۆ گەیشتن بە ئازادیی.

شاندی نێودەوڵەتی لە دژی گۆشەگیری، كە لە ٣٦ پارێزەر، ڕۆژنامەنووس و ئەكادیمیستی خەڵكی حەوت وڵاتی جیهان پێكهاتبوون و لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان یەكیان گرتبوو، لە نێوان ڕۆژانی ٢٥ بۆ ٢٧ی ئەم مانگە لەشارەكانی ئامەد، ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە لەگەڵ نوێنەری ڕێكخراوە مەدەنییەكان و لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

ماریۆ ئانجێلیلی، پارێزەری ئیتاڵی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان، كە یەكێك لە ئەندامانی ئەو شاندە بووە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا باسی پیلانگێڕی و گۆشەگیری لە دژی ئۆجالان كردووە.

ئەو پارێزەرە لەبارەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند، بە ڕای من ئەو پیلانگێڕییە لاپەڕەیەكی ڕەشە لە مێژوومان، چونكە بەهۆی پیلانگێڕییەكەوە لە ڕووسیاوە هاتە ئیتاڵیا و ئەو كاتە دۆخێكی نائاسایی لە ئارادابوو، چونكە گەلی ئیتالیا ئۆجەلانی وەك نوێنەری گەلی كورد ناسی، واتە گەلی ئیتالیا پرسی كوردی ناسی و بە پرسی كورد ئاشنا بوو، ئەو قۆناغەی پیلانگێڕیی تێدا ئەنجامدرا نائاسایی بوو و ڕاگەیاندن و ڕایگشتی ئیتاڵیا فشاریان دروست كرد بۆ ئەوەی ئەم نوێنەرە ئازاد بكەن.

ئەو پارێزەرە ئیتاڵییەی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بەوەشكردووە، كاتێك ئۆجالان هاتە ئیتاڵیا گەلی ئەو وڵاتە وەك خوشك و برا لە گەلی كوردیان دەڕوانی، كاتێك توركیا داوای ڕادەستكردنەوەی ئۆجەلانی كرد، ئیتاڵیا پێداگری لە هەڵوێستی خۆی كرد.

باسی لەوەشكرد: ئۆجالان لە ئیتاڵیا داوای مافی پەنابەری كرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمریكا و ئیسرائیل دیانوت، كە ناكرێت داوای مافی پەنابەری بكات، ژیانی ئۆجالان لە ئیتاڵیا لە مەترسیدایە و ناتوانن ئاسایشی ئەو دابین بکەن، دۆخەكە دژوار بوو و پێویستە بە باشی لەو دۆخە تێبگەین، حكومەتی ئیتاڵیا بە ئۆجەلانی دەوت: “تۆ لە ژێر بەرپرسیارێتی ئێمەدایت”، بەڵام لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەو هەڵوێستە كۆتایی پێهات و حكومەت پێشنیاری كرد ئۆجالان بچێتە وڵاتێكی تر، بەڵام ئەمە جێگەی پرسیارە، چونكە كوردەكانی ئیتالیا دەتوانن مافی پەنابەری وەربگرن.

ماریۆ ئانجێلیلی وتیشی: پێم وایە ئەو بڕیارە هەڵە بوو، كە ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەوە لە لایەن حكومەتی ئیتالیا پێشنیار كرا، بیرلەوەدەکەمەوە، کە نەدەبوو ئیتالیای جێبهێشتایە، ڕۆیشتن بەرەو وڵاتانی وەک یۆنان و ئەفریقا مەترسی بوون بۆ سەر ئازادی ئەو، لەو سەردەمەدا یۆنان شوێنێكی ئارام نەبوو و حكومەتی ئیتاڵیا پێشنیارێكی خراپی پێشكەش كرد (بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵێت)، دەبوو مافی پەنابەری سیاسی وەربگرێت و لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە، من لە فشارە بەهێزەكانی توركیا تێدەگەم، بەهۆی ئەم دۆخەوە هاوكارییە ئابوورییەكانی نێوان ئیتاڵیا و توركیا ئاستەنگی بۆ دروستبوو و لەو كاتەدا توركیا ئیتاڵیای بە دوژمن ناو دەبرد، ئەمەش فشارێكی بەهێزە و هەروەها هەردوو وڵات ئەندامی ڕێكخراوی ناتۆن.

ئانجێلیلی بەمجۆرە لە قسەكانی بەردەوام بوو و وتی: لە هەمان كاتدا وڵاتانی وەك ئەمریكا و ئەڵمانیاش پاڵپشتی ئەو فشارەیان دەكرد، ئیتالیا لە لایەن توركیا، ئەمریكا و ئیسرائیلەوە فشاری لەسەر بوو، منیش لەگەڵ ئەوەدام، كە ئەو پرۆسەیە، پرۆسەیەكی پیلانگێڕی یەكگرتوو بوو.

ئەو پارێزەرە لەبارەی تێكشكانی گۆشەگیریی لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وتی: پێویستە خەبات بەردەوام بێت و گۆشەگیری باس بكرێت و لە دژی گۆشەگیری وەك پارێزەرانی دامەزراوەكانی ئیتالیا و ئەوروپا تێكۆشان ئەنجام بدرێت، پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت مافە مرۆییەكانی خۆی بەكاربهێنێت و بەشداری پرۆسەی ئازادیی و ئاشتی بكات، ئۆجالان نوێنەری گەلی كورد و كلیلی ئاشتیە.

ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە درێژە بە خەبات لە دژی فشارە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام بێت، هەڵمەتی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، بەڕای من گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی دەستبەسەركردنی ٢٤ ساڵەی عەبدوڵا ئۆجالان سەفەربەر بێت، زۆر كەس پێیان وایە ئۆجالان ماندێلای نوێیە، پێویستە وەك ماندێلا بەشداری پرۆسەی ئاشتی بكات، دەبێت خودی ئۆجالان لە زیندان ئازاد بكرێت و بیرۆكەكانی بگاتە كۆمەڵگا.

 

ئانجێلیلی لە كۆتاییشدا جەختی لەوەكردەوە، پێویستە دۆخی گۆشەگیری بەباشی ڕوونبكرێتەوە و لەم بابەتەدا ڕایگشتی ئاگادار و وشیار بكرێنەوە و پێویستە بەڕێز ئۆجالان بتوانێت پەیوەندی ئەنجام بدات و پەیامەكانی بگەیەنێت، پێویستە مرۆڤایەتی ئەو مرۆڤە بەنرخە بپارێزێت، ئۆجالان كلیلی گەلانە بۆ گەیشتن بە ئازادیی.

هـ . ب