ئیشکگری دادپەروەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١٦ رۆژی بەردەوامە کە داوا دەکەن چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجام بدرێت. پەرلەمانتاران کەمال پەکۆز، سدیق تاش، ئەڕۆڵ کاترجیئۆغلۆ، رەمزیە تۆسون، نوران ئیمیر، گارۆ پایلان، حسێن کاچماز و ئەرداڵ ئایدەمیر بە دۆڤیزی ' پێویستە لە ئیمڕالی یاسا جێبەجێ بکرێت' و ' گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتیە' لە بەردەم پەرلەمان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
رەمزیە تۆسون پەرلەمانتاری شاری ئامەد لە چالاکیەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، لە ئیمڕالی گۆشەگیریەکی قورس هەیە و وتی، " دوو ساڵە هیچ زانیاریەک لەسەر بەڕێز ئۆجالان نییە و خانەوادە و پارێزەرانی ناتوانن بیبینن. چالاکیەکەمان لەدژی گۆشەگیری بەردەوامە. تاوەکو ئەنجامێک بەدەست دەهێنین ئیشکگریەکەمان بەردەوام دەبێت."
تۆسون ئاماژەی بە کاریگەری گۆشەگیری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا و کوردستان کرد و وتی، " هەموو مافەکانی گەلان پێشێل دەکرێت. کاریگەریەکی نەرێنی گۆشەگیری لەسەر ژنان و گەنجان هەیە. ئاکەپە و مەهەپە بە پێداگیری لەسەر گۆشەگیری سیاسەتێکی قێزەون بەڕیوە دەبەن. هەوڵ دەدەن لە رێگەی گۆشەگیریەوە سیاسەت دیزاین بکەن."
توسون بەم شێوەیە بە قسەکانیدا: " پێویستە پارێزەر و جانەوادە بتوانن سەردان بکەن. پێویستە رای گشتی لەبارەی دۆخی تەندروستی و ئاسایشی بەڕێز ئۆجالان ئاگادار بکرێتەوە. پێویستە دەنگی بەڕێز ئۆجالان ببیسترێت. لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ دەنگی بەرێز ئۆجالان دەبیسترا، بۆیەش تابوتی ڕۆڵەکانمان نەدەهاتنەوە. باش دەزانین کە کاتێک زانیاری لەبارەی بەرێز ئۆجالانەوە دێت، قۆناغێکی شکۆدار دەست پێدەکات. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە ئەم قۆناغە ئاڵۆزە بەردەوامی پێدەدات. بۆیەش هەموو کەسێک لە ٧ ساڵ تاوەکو ٧٠ ساڵ لەژێر گۆشەگیریدایە."
تۆسون راشیگەیاند، بە چالاکیەکانیان هەوڵ دەدەن، داواکاری جەماوەر بخەنەڕوو و وتی، " پێویستە وەزارەتی داد دەست بە کار بکات و رێگە بدات کە خانەوادە و پارێزەران بتوانن سەردانی ئیمڕالی بکەن. تاوەکو ئەمە ئەنجام نەدرێت، چالاکیەکانمان لە هەموو گۆڕەپان، کۆڵان و شەقامێک بەردەوام دەبێت. لەبەرئەوەی ئێدی خاک لە خوێن و کۆمەڵکوژیەکان تێر بووە. پێویستە بە زوترین کات زانیاری لەسەر بەڕێز ئۆجالان بڵاوبکرێتەوە.
ئەڕۆڵ کاترجیئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە ئەستەنبوڵیش وتی، " سورن لەسەر هەڵگرتنی گۆشەگیری. قبوڵ ناکرێت کە بەڕێز ئۆجالان ٢٢ – ٢٣ مانگە لەژێر گۆشەگیریەکی گەورەدایە و ناتوانرێت کەس بیبینێت. ئەمە لەدژی هەموو مافەکانی مرۆڤ و بەها گەردوونیەکانە. پێویستە بە زوترین کات کۆتایی بەم نادادپەروەریە بهێندرێت. بەرێز ئۆجالان، وەک ماندێلای ئەفریقای باشور یەکێک لەو کەسانەیە کە دەتوانێت ئاشتی لە تورکیا بەرجەستە بکات. بەرێز ئۆجالان مرۆڤێکی بیرکردنەوەیە و بۆیەش بۆ قسەکردن لەسەر کێشەکانی گەلانی تورکیا پێویستیمان پێیەتی. یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری دەکەین ئەوەیە کە دەنگی بەرێز ئۆجالان ببیسترێت. نە تەنیا گەلانی تورکیا، بەڵکو پێویستە هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار بن کە ئایا بەڕێز ئۆجالان بیر لە چی دەکاتەوە."
ف.ق