پەرلەمانتارانی هەدەپە: ئەو ستەمەی لە ئیمراڵی دەستیپێکرد، بە تەواوی وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە

پەرلەمانتارانی هەدەپەیی کە لە دژی گۆشەگیری لە ئێشکگریی دادپەروەریدان رایانگەیاند، "ستەم و زۆرداری کە لە ئیمراڵی دەستیپێکرد، لەسەرتاسەری وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە".

ئێشکگریی دادپەروەری پەرلەمانتارانی هەدەپە کە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، ٢٣ رۆژی تێپەڕاند. پەرلەمانتاران عەلی کەنعانئوڵو، زەینەل ئۆزەن، شەڤین جۆشکون، موراد ساریساچ، کەمال ۆەکۆز، ئەرداڵ ئایدەمیر، موراد چەپنی، جەلادەت گایدالی، عەبدوڵا کۆچ و حەبیب ئەکسیک بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.

کەنعانئۆغڵو باسی لەوەکرد کە "٢٣ رۆژەلە دژی گۆشەگیری لە ئێشکگریی دادپەروەریداین. گۆشەگیری دابڕاندنە لە جیهان. بەهۆی ئەو کەردەوەیەی لە دورگەی ئیمراڵی بەرامبەر بە بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە دەسەپێنرێت، ئێمە لە ئێشکگریی دادپەروەریداین. ئەم گۆشەگیرییە زۆر لایەن و رەهەندی هەیە. یەک لەوانە لایەنی یاساییە، دووەم لایەنی مرۆیی و سێهەم لایەنی سیاسیە. ئەو سێ لایەنەی بابەتەکە دەتوانرێت بە بەرفراوانی قسەی لەسەر بکرێت. لە رووی یاساییەوە بابەتێکی بەم جۆرە هەیە؛ بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی کۆماری تورکیا گۆشەگیرکردن تاوانە. مافە یاساییەکانی زیندانیان هەن؛ مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیان، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریان. رێگری لەو مافانە دەکرێن. هەربۆیە تاوانێکی یاسایی ئەنجام دەدرێت. دیداری زیندانیان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیان رێگریی لێدەکرێت. هەر بۆیە لە دورگەی ئیمراڵی دەستوری هەمیشەیی و یاساکانی کۆماری تورکیا جێبەجێ ناکرێن".

کەنعانئۆغلو بەم جۆرە بەردەوام بوو:

"دووەم لایەن مرۆییە. گۆشەگیری دوورخستنەوەیە لە کۆمەڵگا، هەربۆیە کردەوەیەکە لە دژی مرۆڤایەتی. لە ئیمراڵی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت. گۆشەگیری لەهەمان کاتدا ئەشکەنجەیە. هەر بۆیە لە ئیمراڵی ئەشکەنجە لە بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە دەکرێت. ئەشکەنجە بە گوێرەی دەستووری هەمیشەییمان و هەمیش بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەیی تاوانە. لایەنی گرنگی دیکە سیاسیە. گۆشەگیری لەبەر هۆکاری سیاسی دەسەپێنرێت. کاتێک مرۆڤ سەرنجی ئەو هۆکارە سیاسیانە دەدات پرسی کوردی تێدا دەبینێتەوە. لە بنەمای ئەوەشدا رێگری کردن لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و نکۆڵیکردن لە کورد هەیە. گۆشەگیری تەنیا بە سەر یەک کەسدا نەسەپێندراوە، لەبەر ئەوەی لایەنی سیاسی هەیە. ئەو کەسەی گۆشەگیرکراوە کەسێکی ئاسایی نییە. لەبەر ئەو واتایە، گۆشەگیری بەسەر گەلی کورد و تەواوی کۆمەڵگای تورکیادا سەپێندراوە".

کەنعانئۆغڵو دەستنیشانی کرد کە بۆئەوەی لە تورکیا سیاسەت ئاسایی بکرێتەوە، دۆخی ئابوری ئاسایی ببێتەوە، دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت و وتی، "دەبێت رێگە لەبەردەم دیداری بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی بکرێتەوە".

کەنعانئوغڵو جەختی لەوەکردەوە کە گۆشەگیری تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی، بە گوێرەی یاساکان و دەستوری هەمیشەیی دەبێت دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنرێت و داوای کرد دەرفەتی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران بڕەخسێنرێت.

هـ . ب