ئێشکگریی دادپەروەری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) کە بە داواکاری ئەنجامدانی دیداری پارێزەران لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردووە، لە رۆژی ١٥هەمیندا بەردەوامە.
پەرلەمانتاران کەمال بولبول، عەبدوڵا کۆچ، موعەزەز ئۆرهان، سدیق تاش، حسێن کاچماز، ئەرداڵ ئایدەمیر، کەمال پەکۆز، جەلادەت گەیدانی، رەمزیە تۆسون و نوران ئیمر بە پلاکاردی "با یاسا لە ئیمراڵی جێبەجێ بکرێت"، و"گۆشەگیری تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی" لە بەر دەرگای دیکمانی پەرلەمان کۆنفڕاسی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
پەرلەمانتاری ئانتالیای هەدەپە کەمال بولبول ئاماژەی بەوەکرد، کە لە دورگەی ئیمراڵی سیستمێکی پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی و سیستمی یاسایی، جێبەجێ دەکرێت. کەمال بولبول رایگەیاند، کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە گۆشەگیری کردووەتە سیستماتیک، لە دژی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی تاوان دەکات و وتی، "گۆشەگیری تاوانێکی یاساییە. لایەنی ئەنجامدەری ئەو تاوانەش ئاکەپە-مەهەپەیە، لە هەمان کاتدا داواکاری گشتی و دامەزراوە یاساییەکانیشن. جیا لەوان هەریەک لە ناتۆ، سی پی تی، یەکێتی ئەوروپا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش لایەنی دیکەی ئەو تاوانەن. لەوێ سیستمێکی نێونەتەوەیی، پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی بوونی هەیە. یەکێتی ئەوروپا بە هەستیارییەکی گەورەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا دەکات، لەوبارەوە راپۆرت بڵاو دەکاتەوە، بەڵام پەیوەست بە سیستمی ئیمراڵی بە وشەیەکیش بێت هەڵوێست دەرنابڕێت. هەروەها سی پی تی چووە ئەوێ و لێکۆڵینەوەی کرد، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاونەکردەوە. لەم رووەوە رای گشتیی دیموکراتیک، گەلی کورد، هەدەپە زۆر نیگەرانن. نیگەرانن لەبارەی سەلامەتی و ئاسایشەوە".
کەمال بولبول ئاماژەی بەوەکرد، کە وەستانەوە دژی گۆشەگیری بە واتای پارێزگاری لە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەرییە و وتی، "بەڕێز ئۆجالان تائێستا لە دورگەکە بە هزر و پڕۆژەکانی، داکۆکی لە پێکەوەژیان و ئازادی گەلانی تورکیا، گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. داکۆکی لەو تێڕوانینانە تاوان نییە، مافێکی دیموکراتیک و رەوایە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە بۆ چارەسەری پرسی کورد، بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدرێت. بەڵام ئێمەش لێرە گۆشەگیر کراوین".
کەمال بولبول لە کۆتاییدا وتی، "گۆشەگیری تاوانە. دەبێت دەستبەجێ کۆتای بە تاوانی گۆشەگیری بهێنرێت و بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانە و دیموکراتیک دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدرێت".
هـ . ب