پەرلەمانتارێکی پێشووی ئەڵمانیا لەسەر "بڵاوکردنەوەی وێنەی کورد" دادگایی کرا

میشێل براندت پەرلەمانتاری پێشووی ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئەوەی لە خۆپیشاندانێکدا "هێما قەدەغەکراوەکان"ی بەرزکردووەتەوە دادگایی کرا. دانیشتنی دادگای پیاداچوونەوە لەسەر ئەو دۆزە سبەی لە کارلسروه ئەنجام دەدرێت.

میشێل براندت لە ساڵانی نێوان ٢٠١٧ و ٢٠٢١ پەرلەمانتاری پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بوو، یەکێک لەو پەرلەمانتارانە بوو، پشتگیریی لە گەلی کورد و کوردستانیان دەکرد، بەڵام رێک هەر دوای تەواوبوونی ماوەی پەرلەمانتارییەکەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئەڵمانیاوە کرایە ئامانج.

لە ساڵی ٢٠١٨ لە کاتی سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورک بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بۆ شەرمەزارکردنی سەردانەکە ئاڵای یەپەگەی بە پەنجەرەی نوسینگەکەی کردبوو. لەبەر ئەوە پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ئۆفیسی براندت لە پەرلەمانی فیدڕاڵ. ئێستاش بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩دا دا لە میدیای دیجیتاڵدا وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کەل وێنەکەدا "هێما قەدەغەکراوەکان"ی تیادایە، لە ژێر فشاری دەسەڵاتی دادوەری ئەڵمانیادایە. دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی براندت لە دادگای ویلایەتی کارلسروهی لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت.

پێش ئەوەی لە کاتژمێر ٩ی پێش نیوەڕۆدا دانیشتنی دادگا دەستپێبکات، پارتی چەپ بۆ پشتگیری لە براندت خۆپیشاندانێک لەبەردەم دادگا ئەنجام دەدات. گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری فیدراڵی پارتی چەپ و سەحرا میرۆ هاووتەبێژی پارتی چەپ لە ویلایەتی بادن-ورتمبێرگ لە خۆپیشاندانەکەدا وتە پێشکەش دەکەن.

ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەتاوانبارانکردنی کورد

ڕێکخستنی پارتی چەپی ویلایەتی بادن-ورتمبێرگ بەر دانیشتنەکە و خۆپیشاندانەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەتوندی ئیدانەی فشارە یاساییەکانی سەر میشێل براندت دەکات. پارتی چەپ ئاماژەی بەوەدا، ئەو دۆسیەیەی دژ بە براندت شێوازێکی نوێی سیاسیە بۆ تاوانبارکردنی کوردان و ڕاشیگەیاند: "قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی جدی بووەتە ڕێگر لە بەردەم ئازادی بیروڕا، بۆیە پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەم قەدەغەکارییە بهێنرێت".

گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپ لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، براندتی هەڤاڵیان، پەرلەمانتاری پێشوو، بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە کوردستان تاوانبار کراوە و وتی: "بێگومان ئەم کەیسە بۆ تۆقاندن و سەرکوتکردنی هەموو ئەو کەسانەیە، کە پشتگیری لە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان دەکەن. ئێمە ڕێگە نادەین پشتیوانی بۆ کوردستان وەک تاوان سەیر بکرێت".

داواکاری گشتی چاوەڕێی کۆتاییهاتن بە ماوەی پەرلەمانتاریەکەی بوو

هۆکاری کردنەوەی ئەو سکاڵایە لە دژی میشێل براندت ئەوەیە، کە وێنەیەکی لە کاتی خۆپیشاندانەکانێکی ساڵی ٢٠١٩دا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بڵاوکردووەتەوە. براندت وێنەکەی لەسەر هەژمارەکانی فەیسبووک و ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردبوویەوە و داوای کردبوو، دەستبەجێ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بێت.

داواکاری گشتیی کارلسروه بڵاوکردنەوەی ئەوی وێنەیەی براندتی تۆمار کردبوو. ساڵی ٢٠٢١ دوو هەفتە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی  پەرلەمانتارییەکەی براندت، داواکاری گشتی لە دژی براندت دەستی بە کار کرد. داوناکاری گشتی قەدەغەی سەر پەکەکەی لە ئەڵمانیا کردووەتە پاساو بۆ سکاڵاکەی لە دژی براندت و ڕایگەیاندووە، "هێما قەدەغەکراوەکان" لە وێنەکەدا دەبینرێت. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا بڕیار لەسەر دۆزەکە درا و پەرلەمانتارەکەی پێشوو بە ١٤ هەزار یۆرۆ سزادرا.

ژ.ت