پەیامی ئێشکگریی ئازادی: ئازادیی ڕێبەرمان ئازادیی گەلەکەمانە

زولفو بینگۆل لە کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکی ئێشکگریی ئازادیدا وتی: "تێکۆشانمان تا ئازادیی ڕێبەرەکەمان بەردەوام دەبێت، چونکە ئازادیی گەلەکەمان پەیوەستە بە ئازادی ڕێبەرەکەمانەوە" و سڵاوی لە هەموو ئەو کەسانە کرد، کە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە.

٢٤ ساڵ بەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا تێپەڕیووە، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن هێزە ئیمپریالیستەکانەوە لە کینیا ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا.

ماوەی ٢٤ ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵ دا دیل کراوە. دوورگەی ئیمرالی ناوەندێکی ئەشکەنجەیە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. لەو ناوەندەی ئەشکەنجەدا گۆشەگیرییەکی توند و چڕیش هەیە.

گۆشەگیری سەرەڕای ئەوەی دژی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە، بەڵام لەلایەن دامەزراوە ئەوروپیەکانەوە وەک دۆخێکی ئاسایی نیشان دراوە.

چالاکییەکانی گەلی کورد و دۆستانیان لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی هەرگیز ڕانەوەستاون و بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کوردان چەندین چالاکی و گردبونەوە و ڕێپێوانیان لە تورکیا و کوردستان و ئەوروپا ئەنجامدا.

یەکێک لەو چالاکییانە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ لە ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستی پێکرد. چالاکیی ئێشکگری لە بەردەم بینا و دامەزراوە ئەوروپییەکان لە ستراسبۆرگ هەر  هەفتەیەک لەلایەن گروپێک لە تێکۆشەرانی ئازادییەوە بەڕێوەدەچێت و چالاکییەکە ماوەی ١١ ساڵ بە شێوەیەکی پێداگرانە و بە بڕیار بەردەوامە.

چالاکیی ئێشکگری هەر حەوت ڕۆژی هەفتە لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ بۆ ١٦:٣٠ بەڕێوە دەچێت. لەلایەکەوە سیاسەتی دووڕوویی دەوڵەتانی ئەوروپا ڕیسوا دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئیرادەی گەلی کورد و دۆستانی نیشان دەدات، کە دەستبەرداری خەبات و تێکۆشانی خۆیان نابن.

زولفو بینگۆل لە کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکیی ئێشکگریی ئازادی ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی یاسای گلادیۆ لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرۆژەی چارەسەری کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دەگەڕێتەوە و وتی: "هێزە نێونەتەوەییە باڵادەستەکان دەیانەوێت ئەو بیر و ڕامان و ئایدۆلۆژیایە لە ناو ببەن".

زولفو بینگۆل ڕاشیگەیاند، سەرمایەداری هێشتا بەڵایەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و وتی: "تێکۆشانی گەلان، ژنان، چەوساوەکان، ژینگەپارێزان و ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە دەوری پرۆژەی چارەسەری رێبەرەکەمان کۆدەبنەوە. ئەوەش هێزە نێونەتەوەیە باڵادەستەکان تووشی ترس و نیگەرانی دەکات".

بینگۆل ئەوەشی ڕایگەیاند، گەلی کورد شانبەشانی دۆستەکانی ماوەی ١١ ساڵە لە بەردەم دامەزراوە ئەوروپییەکاندا چالاکییەکی مێژوویی ئەنجام دەدەن و وتی: "لەم چالاکییەدا ئیرادە و دیسپلینی تێکۆشانی ڕێبەرمان دەبینرێت. لەم چالاکییەدا بە دەنگێکی بەرز ئەوە دەوترێت، کە ژیان بەبێ ڕێبەرایەتی نابێت".

زولفو بینگۆل ئەوەشی وت: "هەتا رێبەرەکەمان ئازاد نەبێت تێکۆشانمان کۆتایی پێنایەت، چونکە ئازادیی گەلەکەمان پەیوەستە بە ئازادی ڕێبەرەکەمانەوە".

 زولفو بینگۆل لە کۆتایی وتەکانیدا بەناوی کۆمیتەی ئامادەکارەوە سڵاوی لە هەموو بەشداربووانی چالاکییەکە کرد و بۆ سەرخستنی چالاکییەکە داوای پشتیوانیکردن و خاوەنداریکردنی کرد.

ژ.ت